بە دیاری كردنی سەركەوتوان، دەیەمین فێستیڤاڵی چیرۆكی بانە كۆتایی پێهات

14:40 - 18 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: پاش سێ‌ رۆژی كاری بەردەوام لە كار و چالاكیی دەیەمین فێستیڤاڵی سەراسەریی چیرۆكی بانە، لێژنەی داوەرانی هەر دوو بەشی كوردی و فارسی سەركەوتوانیان دەست نیشان كرد.

بەپێی بڕیارنامەی كۆتایی لێژنەی داوەریی هەردوو بەشی كوردی و فارسیی دەیەمین خولی فێستیڤاڵی چیرۆكی سەراسەریی بانە كەلە وێبلاگی سەرەكیی فێستیڤاڵدا بڵاو كراوەتەوە، بە جەخت كردن لەسەر لایەنی جوانیناسانەی دەق، بەرفرەهیی بابەت و ناوەرۆكی شیاو، بەرجەستە كردنەوەی باوەڕ، داب و نەریت و گرینگی دان بە فەرهەنگی ناوچەیی، سەركەوتوانی هەركام لە دوو بەشی كوردی و فارسی دەست نیشان و چەندین كەسی دیكەش خەڵات كران.

لە بەشی چیرۆكی كوردیدا سێ‌ دەقی: 1 ـ ئایات، لە نووسینی فریا یوونسی لە بانە، 2 ـ دەنگە دەنگی بێدەنگی لە نووسینی هێمن عەبدوڵڵاپوور لە بۆكان، 3 ـ بە زۆر شتەوە دەست پێدەكات، لە نووسینی محەممەد سەلیمی لە دیواندەرە، بەبێ‌ دیاری كردنی پلە وەك چیرۆكی شیاو هەڵبژێردران و لە كۆتاییشدا ئەڵڵامراد جەباریان لە ئیسلام ئاباد غەرب، كەیوومەرس بەلەدە لە ئیسلام ئاباد غەرب و بێهنتام فەتاحی لە بانە خەڵات كران.

لە بەشی چیرۆكی منداڵانیشدا چیرۆكی پەپوولە لە نووسینی سۆما ئیبراهیم زادە لە بۆكان وەك چیرۆكی سەركەوتوو دەست نیشان كرا.
لە بەشی وتاری كوردیشدا وتاری ناسر یەزدانی لە دیواندەرە وەك وتاری شیاو هەڵبژێردرا.

دواوەرانی بەشی كوردی موراد ئەعزەمی، ناسر یەزدانی و محەممەدسدیق كەریمپوور بوون.

داوەرانی بەشی فارسیی دەیەمین فێستیڤاڵی سەراسەریی چیرۆكی بانە بە رێزدانان بۆ یاد، پێگە و كەسایەتیی دوكتۆر ئیبراهیم یوونسی، وەرگێر و رۆمانووسی كۆچكردووی كورد، چیرۆكەكانی: 1 ـ ئەسپێكی داریی زۆر مەزن، لە نووسینی لەیلا نەوحی تێهرانی بە پلەی یەكەم، 2 ـ \"خێر خێر\" لە نووسینی دانیال ئێقباڵی لە تاران بە پلەی دووەم و 3 ـ نامە، لە نووسینی مەریەم جەوادی لە \"ماساڵ\"ی گیلان بە پلەی سێیەم هەڵبژێردران.

هەروەها لە بەشی فارسیشدا سێ‌ چیرۆكنووس بەناوەكانی: سەید زەهرا میرعیساخانی لە زەنجان، حەبیب پوڕتاری لە ئەندیمشك و محەممەدعەلی خەیبەر لە ئەلبورز لەلایەن لێژنەی داوەرانەوە خەڵات كران.

لە بەشی وتاری فارسیشدا وتاری ئەحمەد بیرانوەند لە خوڕەم ئاباد و هەروەها لە بەشی چیرۆكی فارسیشدا چیرۆكەكانی: 1 ـ\"شاری دەفتەری نیگاركێشی\" لە نووسینی \"شكوە ئاقا میرزایی\" لە بیجار، 2 ـ \"قەڵە و كزۆڵە\" لە نووسینی غەزەل محەممەدی لە تاران 3 ـ \"فاڵ\" بەرهەمی كوبرا عەباسی لە تاران وەك بەرهەمی سەركەوتوو دەست نیشان كران.

داوەرانی بەشی فارسی بریتی بوون لە: حوسێن میرعابدینی، بێهناز عەلیپوور گسكری و حوسێن سەناپوور.