ئاسەوارەکانی ئیلام و لۆرستان لە بێدەنگی و کەمتەرخەمیی حکوومەتدا کاول بوونە

16:25 - 6 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: بارینی بە لێزمەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، خێرایی لەناوبردنی ئاسەوارە مێژوویی و کەوناراییەکانی زاگرۆسی بەدواوە بوو و بووە سەرباری کەمتەرخەمیی بەرپرسانی حکوومەتی ئیران لە کاول کردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی زاگرۆس.

هەواڵدەریی مێهر لە زاری باب کرمانجانی بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی میراتی فەرهەنگی ئیلام ،بڵاوی کردەوە کە؛ بە هۆی بارینی بە لێزمەی باران لە چەند ڕۆژی رابردوودا، بەشێکی بەرچاو لە قەڵای \"والی\" زیانی پێگەیشتووە و پێویستی بە سەرنیا کردنەوە هەیە.

بە گوتەی شارەزایانی سەرنیا کردنەوەی ئاسەوارە کەونارا و مێژووییەکان، بە هۆی پێڕانەگەیشتنی بەردەوام و ستانداردی ئاسەوارە مێژووییەکان، لەگەڵ بچووکترین گۆڕانی کەش‌وهەوا و بارینەکان، ئەو ئاسەوارە بەنرخانە زیانیان پێ دەگات.

قەڵای والی لە سەر گردی مێژوویی \"چغازنبیل\" لە گەڕەکێک بە ناوی \"حوسێن‌ئاوا\" هەڵکەوتووە، کە هەنووکە ناوەندی شاری ئیلامە.

کرمانجانی، بەرپرسی مۆزەخانەی خەڵک‌ناسیی ئیلام، تێچووی پێویست بۆ سەرنیاکردنەوەی بەشێک لە قەڵای والیی بە زیاتر لە ٥٠٠ میلیۆن ڕیاڵ خەمڵاندووە.

لۆڕستان وەکوو یەکێکی دیکە لە پارێزگاکانی ناوچەی زاگرۆس، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە هۆی بارینی باران، زیانی مادی و گیانی بەرکەوتووە.