JFI : زیاتر لە سی هەزار ژن لە دەیەی رابردوودا دەستبەسەر کراون

16:01 - 18 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری رۆژی جیهانیی ژندا، ناوەندەکانی داکۆکیاری ژنان پێداگریی لەسەر پێشێلکاریی پلان بۆ داڕێژراوی مافە سەرەتاییەکانی ژنان لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە کراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی دە ساڵی رابردوودا لە وڵاتی ئێران، ٣٠ هەزار ژن لەلایەن مەئموورانی حکوومەتی ئەو وڵاتەوە سەبارەت بە پرسی \"حیجاب\" دەستبەسەر و لانیکەم ٤٦٠ هەزار ژنیش بەهۆی \"شێوە و جۆری لەبەر کردنی جلوبەرگ\" سەرکۆنە کراون.

ئەو راپۆرتە لە دووتوێی ٦٠ لاپەڕەدا و لە بەرەبەرەی ٨ی مارس (رۆژی جیهانیی ژن)، لەلایەن رێکخراوی مافی مرۆڤیی ناحکوومیی عەداڵەت بۆ ئێران بڵاو بۆتەوە.

\"18672.jpg\"
خۆپیشاندانی ژنان بە دژی بڕیاری حیجابی زۆرەملی – ١٧ی رەشەمەی ٥٧
ئەو راپۆرتە، کە بە شێوەی لێکۆڵینەوەیی و لەژێر ناوی \"٣٥ ساڵ حیجاب؛ پێشێلکاریی بەربڵاوی مافەکانی ژنان لە ئێران\"، بە روونی دەریدەخات کە ژنان لەلایەن حکوومەتەوە بەهۆی بەربەرەکانێ لەگەڵ مەسەلەی حیجاب، بەرەوڕووی زۆرترین ئازار بوونەتەوە.

ئێران بە یەکەمین وڵات دادەندرێت، کە تێکڕای ژنان لەو وڵاتەدا بەپێی یاسا ناچار بە لەبەرچاو گرتنی مەسەلەی حیجاب کراون و لە نێوان ساڵەکانی ٨٢ هەتا ٩٢، زیاتر لە حەوت هەزار ژن سەبارەت بە حیجابی ئیسلامی بەڵێننامەیان لێ ئەستێندراوەو دۆسیەی لانیکەم ٤ هەزار و ٣٥٨ ژن رادەستی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی کراوە.

بیست و پێنج رۆژ پاش ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧ لە ئێران، \"خومەینی\" رێبەری حکوومەتی ئیسلامی بڕیاری رێگری کردن لە ژنانی بێ حیجابی لە ئێدارە حکوومەتییەکاندا، دەرکرد.

رێکخراوی عەداڵەت بۆ ئێران ئەم راپۆرتەی لە سی و پێنجەمین ساڵوەگەڕی بڕیاری \"ئایەتوڵڵا خومەینی\" لەمەڕ بە زۆرەملی کردنی حیجابی ئیسلامی و هەروەها ئامارەکانیشی بەپێی داتا فەرمییەکان و هەروەها چاوپێکەوتن و دیمانە لەگەڵ ٢١ ژن کە لە پەیوەندی لەگەڵ مەسەلەی حیجابدا مافەکانیان پێشێلکراوە، بڵاو کردۆتەوە.