لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی لە ڕێوڕەسمی شایی؛ سامرەند وجوودی دەسبەسەر کرا، بانگکردنی دەیان هاووڵاتیی و دەستداگرتن بەسەر جلی کوردیی دوو کەسدا

دوابەدوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکی شایی لە بۆکان و بەشداریی میوانەکان بە "جلوبەرگی کوردیی خاکی"یەوە و دەسبەسەرکرانی باوکی بووکەکە لە بۆکان، لە مەهابادیش دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "عەلی دانشی" و "سامرەند وجوودی" دەسبەسەر کران و دەیان هاووڵاتیش لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە هەڕەشەیان لێ کرا کە دەبێ خۆیان بە ئیتلاعات بناسێنن و هاوکات لە هێرشێکی شەوانەدا بۆ سەر کاوە و لوقمان سالک، هەموو جلە کوردییەکانیان، مۆبایل و بەڵگەنامە و کارتە بانکییەکانیان دەستیان بەسەردا گیرا.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ١٩ی بانەمەڕی ١٤٠٤، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "عەلی دانشی" و "سامرەند وجوودی" خەڵکی مەهاباد بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی هەینی ١٩ی بانەمەڕی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەتییەکان بە شەودا و بە شێوەی توندوتیژانە هێرشیان کردە سەر ماڵی کاوە و لوقمان سالک لە مەهاباد و دەستیان بەسەر هەموو جلوبەرگە کوردییەکان، بەڵگەنامە و مۆبایلەکانیاندا گرت.
هەر لەم پێوەندییەدا تاکوو ئێستا دەیان هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی بۆکان و مەهاباد پاش "بەشداری لەم ڕێوڕيسمە بە جلوبەرگی کوردیی خاکی"یەوە، لەلایەن ئیتلاعاتەوە بە پێوەندیی تلفۆنی هەڕەشەیان لێ کراوە و پێیان وتراوە کە دەبێ خۆیان بەم ناوەندە ئەمنییەتییە بناسێنن.
ڕۆژی شەممە ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٤، ئیبراهیم مەردانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان، بە هۆی بەشداریی میوانەکانی لە ڕێوڕەسمی شایی منداڵەکەی بە "جلوبەرگی خاکی"یەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠٤ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوەکانی خەڵکی مەهاباد زانیارییەک دەست نەکەوتووە.