بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام؛ دوورخستنەوەی وەحید چاوران، ناسر ڕەزایی و محەممەدحوسێن حاسڵی، سێ بەندکراوی سیاسیی ژن، ژیان، ئازدی بە سزای قورسی ١٢ ساڵ بەندکران بۆ بەندیخانەکانی زاهێدان، کرمان و مەشهەد

20:30 - 20 بانەمەڕ 2725

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠٤، سێ بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی ئاودانان، بە ناوەکانی وەحید چاوران، ناسر ڕەزایی و محەممەدحوسێن حاسڵی کە پێشتر لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، هەرکامەیان بە ١٢ ساڵ بەندکرانی داسەپاو و دوورخستنەوە مەحکووم کرابوون، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلامەوە بۆ بەندیخانەکانی زاهێدان، کرمان و مەشهەد دوور خرانەوە.

ئەم سێ بەندکراوە سیاسییە کوردە لە ماوەی زەمەنیی جۆزەردان هەتا گەلاوێژی ١٤٠٢، بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بۆ ماوەی زیاتر لە ٨ مانگ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ڕاگیران. سزای ١٢ ساڵ بەندکرانی داسەپاو و دوورخستنەوە بۆ هەر یەک لەم سێ کەسە لەلایەن دادگای کەیفەری یەکی ئیلامەوە دەرچووە و پێشتریش بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بەم سزا نادادپەروانانە، مانیان لە خواردن گرتبوو و لێوەکانی خۆیان دووریبوویەوە. ئەم سێ بەندکراوە سیاسییە لە کاتی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەوە لە بەندیخانەدان.

دادگای کەیفەریی ئیلام ئەم سێ بەندکراوە سیاسییەی بە "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی، کۆبوونەوە و تەبانی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نێوخۆیی/ دەرەکی و نیشاندانی هێز لە ڕێگەی چەکەوە" تۆمەتبار کرد.

دۆسییەی سێ بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ئاودانان، وەحید چاوران، ناسر ڕەزایی و محەممەدحوسێن حاسڵی، نموونەیەک لە پێشێلکاریی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ئێرانە. ئەم کەسانە بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بە بێ بەڵگەی یاسایی لە مەودای زەمەنیی جۆزەردان هەتا گەلاوێژی ١٤٠٢دا دەسبەسەر کران و زیاتر لە هەشت مانگ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلامدا ڕاگیران، بە بێ دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر یان دادڕەسیی دادپەروەرانە. ئەوان لەژێر ئەشکەنجەی دروونی و فیزیکیدا بوون، لەوانە دەرخوارددانی دەرمانی دەمار بە وەحید چاوران کە بووە هۆی تێکچوونی زۆری ڕەفتارەکانی و لە درێژەدا بە ١٢ ساڵ بەندکرانی داسەپاو و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەکانی زاهێدان، کرمان و مەشهەد مەحکووم کران.

هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی هێزەکان لە کاتی دەسبەسەرکران، وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، بێبەریکردن لە چارەسەری پزیشکی، هێرش بۆ سەر ماڵەکانیان و دوورخستنەوەیان بۆ بەندیخانە دوورەکان، لەپاڵ مانگرتن لە خواردن و دوورینەوەی لێوەکانیان بە نیشانەی ناڕەزایەتی، هەموو نیشانەی دیاری پێشێلکردنی بنەما بنەڕەتییەکانی مافی مرۆڤ لەوانە قەدەغەبوونی ئەشکەنجە، مافی دادڕەسیی دادپەروەرانە و کەرامەتی ئینسانین.

وەحید چاوران؛ دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی زاهێدان:

وەحید چاوران، چالاکی مەدەنی، شاخەوان و ڕاهینەری پاراگلایدەری خەڵكی ئاودانان، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢، لە کاتی چوونەدەرەوە لە وڵات لە سنووری ورمێ لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا. پێشتریش چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرش کرابووە سەر ماڵی خۆی و ئاژەڵدارییەکەی باوکی؛ لە یەکێک لەم حاڵەتانەدا بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ ببووە هۆی ئەوەی کە دوو کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی واتە دوو خوشکی کە هەردووکیان دووگیان بوون، زیانیان بەر بکەوێ.

چاوران پاش دەسبەسەرکران ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ئیلام کرابوو و لەژێر ئەشکەنجەی قورسی دەروونی و فیزیکدا بوو. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کرابوو. لە درێژەدا، دۆخی دەروونیی ناوبراو خراپتر بوو و نیشانەگەلێک وەکوو پێکەنین لە خۆڕا و تێکچوونی شێوازی قسەکردن تێێدا وەدیار کەوتن  کە بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە لۆکاڵییەکان، هۆکارەکەی دەرخوارددانی دەرمانی دەمار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بووە.

ناوبراو لە پووشپەڕی ١٤٠٢دا بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە ئەشکەنجەکان مانی لە خواردن گرت. لە خەرمانانی ١٤٠٢شدا لەگەڵ ناسر ڕەزایی و محەممەدحوسێن حاسڵی لێوەکانی خۆی دووریەوە. بنەماڵەکەی لە ١٨ی خەرماناندا لە بەردەم فەرمانداریی ئاودانان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی بڕیاری کۆتایی، وەحید چاوران بە ١٢ ساڵ بەندکرانی داسەپاو و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی زاهێدان سزا دراوە.

ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە لە بەنددایە.

ناسر ڕەزایی؛ دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی کرمان:

ناسر ڕەزایی هاووڵاتیی خەڵكی ئاودانان، یەکەم جار لە ڕۆژی دووشەممە، ١ی جۆزەردانی ١٤٠٢، دەسبەسەر کرا و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا. بەڵام لە ڕێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژی هەمان ساڵدا پاش بانگکران بۆ دادگای شاری دێهلوڕان سەرلەنوێ دەسبەسەر کرایەو و بۆ گرتنگەی ئیتلاعات ڕاگوێزرا.

ناوبراو لە خەمانانی ١٤٠٢دا لەگەڵ دوو هاودۆسییەی دیکەی خۆی مانی لە خواردن گرت و لە ١٣ی خەرماناندا لێوەکانی خۆی دوورینەوە. ڕەزایی لە سەرەتای دەسبەسەرکرانی دووبارەیەوە لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزە و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

بە دەرچوونی بڕیاری کۆتایی، ناسر ڕەزایی بە ١٢ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە مەحکووم کراوە و ڕەوانەی بەندیخانەی کرمان کراوە.

ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکرانی دوهەمەوە لە بەنددایە.

محەممەدحوسێن حاسڵی؛ دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی وەکیل ئابادی مەشهەد:

هاووڵاتییەک بە ناوی محەممەدحوسێن حاسڵی، خەڵکی شاری سەراوباخ، سەر بە شاری ئاودانان لە ڕێکەوتی چوارشەممە، ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٢، پاش هێرشی توندوتیژانەی هێزە ئەمنییەتییەکان و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ناوبراودا، کەلوپەلی ماڵەکەیان تێک دابوو و بە توندوتیژییەوە ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

محەممەدحوسێن حاسڵی لە خەرمانانی ١٤٠٢دا لەگەڵ وەحید چاوران و ناسر ڕەزایی مانی لە خواردن گرتبوو و لێوەکانی خۆی دووریبوونەوە.

ناوبراو بە تۆمەتی هاوشێوەی تۆمرتبارانی دیکەی دۆسییەکە، لەوانە موحاربە و کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی وڵات، بە ١٢ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە مەحکووم کراوە و ڕەوانەی بەندیخانەی وەکیل ئابادی مەشهەد کراوە.
ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکرانی دووهەمەوە لە بەنندایە.

لە ڕاستەوە بۆ چەپ، ناسر ڕەزایی، محەممەدحوسێن حاسڵی، وەحید چاوران