فەرماندەی سپای ئەمیرەلمۆئمێنینی ئیلام؛ هیچ دەزگایەک ئیزنی پێدانی مۆڵەت بۆ ڕێوڕەسمی نەورۆزی نییە

20:03 - 16 رەشەمه 2724

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، "سەید سادق حوسێنی" فەرماندەی سپای ئەمیرەلمۆئمێنینی ئیلام لە دانیشتنی ستادی ئەمری بە مەعرووفی پارێزگای ئیلامدا ڕایگەیاندووە کە هیچ دەزگایەک ئیزنی پێدانی مۆڵەت بۆ ڕێوڕەسمی نەورۆزی نییە و بە شێوەی جیددی هەڵسوکەوت لەگەڵ "تێکدەرانی نەزم و ئەمنییەت" دەکرێ.

لەم دانیشتنەدا کە لە شۆرای تەئمینی پارێزگای ئیلام و بە ئامدەبوونی پارێزگار و نوێنەری وەلی فەقێ بەڕێوە چووە، جەخت کراوەتەوە کە تاکوو ئێستا هیچ مۆڵەتێک بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە ئیلام دەرنەچووە و هەر بابەتێکی پێوەندیدار دەبێ لەژێ کۆنتڕۆڵی دەزگا فەرهەنگییەکانی وەک دەنگوڕەنگ و ڕێکخراوی پڕوپاگەندە بێت و ئەگەر ڕێوڕەسمێک بەڕێوە بچێت دەبێ بەپێی یاسا و بڕیارەکان و هاواهەنگ لەگەڵ بایەخەکانی "ئێمە" بێت و لەگەڵ "تێکدەرانی نەزم و ئەمنییەت" بە شێوەی جیددی هەڵسوکەوت دەکرێت.