ورمێ؛ ساریا ئەحمەدی، ئەوین ئەحمەدی و ڕۆژبین ئەفسوون بە کەفالەت ئازاد کران

ساریا ئەحمەدی تەمەن ١٧ ساڵ، ئەوین ئەحمەدی تەمەن ١٦ ساڵ و ڕۆژبین ئەفسوون تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی شاری ماکۆ و دانیشتووی ورمێ بە کەفالەت لە ئیتلاعاتی ورمێ ئازاد کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ساریا ئەحمەدی، ئەوین ئەحمەدی کە خوشکن سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان و بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیاندا دەسبەسەر کران و ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ بە کەفالەت ئازاد کران.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ڕۆژبین ئەفسوون ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ بە بێ بەڵگەی یاسایی و لە ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ڕەشەمە بە کەفالەت ئازاد کرا.
ئەم سەرچاوەیە وتیشی: دۆسییەی ئەم سێ کچە ڕادەستی دادسەرای ورمێ کراوە.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: مۆبایلی ئەم سێ کچە کوردە لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و ڕادەستیان نەکراونەتەوە.
هێزە ئەمنییەتییەکان ئەم سێ کچەیان پاش بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی هەزاران کەسیی ورمێ بە هۆی لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی نەخشێندراو بە هێما کوردستانییەکان دەسبەسەر کردوون.