سنە؛ جەلیل محەممەدی و کەماڵ ئەخرەتی بە دانانی بارمتە ئازاد کران

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، جەلیل محەممەدی، چالاکی کرێکاری و کەماڵ ئاخرەتی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ئەم شارە ئازاد کران.
ئەم دوو چالاکە کوردە هەرکامیان بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کراون.
ئەم دوو هاووڵاتییە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێرابوون.
ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، جەلیل محەممەدی چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە توندوتیژییەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، کەماڵ ئاخرەتی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە لە شوێنی کارەکەی خۆی و بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
دەسبەسەرکرانی ئەم دوو چالاکە کرێکاری و مەدەنییە لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتیی خەڵک بۆ نا وتن بە سزای سێدارە بووە.
ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، دوابەدوای بانگەوازی حیزبە کوردستانییەکان بۆ نا وتن بە سزای سێدارە لە شارەکانی پارێزگای سنە لەوانە سنە، مەهاباد، سەقز، دیواندەرە، مەریوان و ... مانگرتنی گشتی بەڕێوە چوو.