بۆکان؛ دەسبەسەرکرانی بێهرووز فەرهەنگ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "بێهرووز فەرهەنگ" خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر دووکانی ئەم هاووڵاتییە لە شەقامی "مەولەویی شەرقی" و دەسبەسەریان کردووە.
ئەم سەرچاوەیە وتی: پاش پشکنینی دووکانی دروومانی بێهرووز فەرهەنگ، هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلەکەشیدا گرتووە.
ئەم سەرچاوەیە ڕایگەیاند: ئەم هاووڵاتییە کوردە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر پاش دەسبەسەکرانی لە پێوەندییەکی تلفۆنیی کورتدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزراوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی بێهرووز فەرهەنگ زانیارییەک دەست نەکەوتووە.