ئیسفەراین؛ حوکمی لە سێدارەدانی شوعیب ڕەزاپوور لە پێش چاوی خەڵک جێبەجێ کرا

بەیانی ڕۆژی هەینی ۱۰ی ڕەشەممەی ۱٤۰۳، حوکمی لە سێدارەدانی زیندانییەکی کورد بە ناوی "شوعیب ڕەزاپوور" تەمەن ۳۰ ساڵ و خەڵکی شاری ئیسفەراین سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور لە پردی "بەهەشت"ی ئەو شارە، لە پێش چاوی خەڵک، جێبەجی کرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە ساڵی ۱٤۰۱، بەتۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست"، دەسبەسەر و دواتر لەلایەن لقی دووی دادگای کەیفەری یەکی بێجنورد، بە سزای لە سێدارەدان لە پێش چاوی خەڵک، مەحکووم کرابوو.
دادستانی پارێزگای خۆراسانی باکوور لە وتووێژێکدا، لەگەڵ میدیا حکوومەتییەکانی ئێران ڕایگەیاندبوو؛ "تاوانباری ئەو دۆسیەیە لە وەرزی هاوینی ۱٤۰۱، بە لێدانی پەیتاپەیتای چەقۆ، عەلیڕەزا فەرزانەی کوشتووە و بە هەوڵی دەزگای قەزایی دەسبەسەر و لە کەمترین ماوەدا، دادگایی کراوە".
حوکمی لە سێدارەدانی شوعیب ڕەزاپوور لە سەر داخوازی بنەماڵەی کوژراوەکە، لە شوێنی روودانی ڕووداوەکە، لە پردی "بەهەشت"ی شاری ئیسفەراین و لە پێش چاوی خەڵک جێبەجێ کراوە.