دەسبەسەرکرانی ١٠ هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار و هەڕەشە لە بنەماڵەکانیان بۆ بێدەنگبوون سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ لەبارەیانەوە

١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند حەفتە لە دەسبەسەرکرانی ١٠ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار، دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیان درێژەی هەیە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان دوابەدوای بەدواداچوونی بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان بۆ ئاگاداربوونەوە لە دۆخیان، هەڕەشەیان لێ کردوون کە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ سەبارەت بەوان خۆ ببوێرن.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە هەندێ لە بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان کردووە کە نابێ هیچ هەواڵێک لەبارەیانەوە بڵاو بکرێتەوە و تەنانەت ئەگەر ئازادیش کران نابێ هەواڵی ئازادکرانیان بڵاو بکرێتەوە. هەندێ لە بنەماڵەکان بۆ ئەم بابەتە هەڕەشەی دەسبەسەرکرانیان لێ کراوە.
لە ماوەی هەشت ڕۆژدا (لە ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠٣ هەتا ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣) سەرجەم ١٠ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سادق کوردی، کەیوان ئەساسە، جێگر موجاهێدی، فەرهاد پلە، هیوا شوجاعی، موراد ئوستوار، محەممەد سۆهرابی، ئەنوەر ئیبراهیمی و فەردین مەحموودی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنیکی نادیار ڕاگوێزران.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. هەروەها ئەم کەسانە لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن و پێوەندی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.
٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣؛ سادق کوردی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "پەسوێ" سەر بە شاری پیرانشار، بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە هێرش بۆ سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەروەها "جێگر موجاهێدی" خەڵکی پیرانشار ڕۆژی یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٣ و "کەیوان ئەساسە" و "فەرهاد پلە" خەڵکی پیرانشار ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
پێشتر کوردپا ڕاپۆرتێکی لە دەسبەسەرکردنی شەش هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی پیرانشار لە ڕۆژانی ٣٠ی بەفرانبار و یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٣ بڵاو کردەوە. "هیوا شوجاعی" خەڵکی پیرانشار، "موراد ئوستوار" خەڵکی گوندی "پەسوێ"، "نێعمەت ئەحمەدنژاد" خەڵکی گوندی "لکبن"، "محەممەد سۆهرابی" خەڵكی پیرانشار، "ئەنوەر ئیبراهیمی" خەڵکی گوندی "کۆنەلاجان" و "فەردین مەحموودی" خەڵکی پیرانشار، ناوی ئەم کەسانەیە.
پێویست بە ئاماژەیە کە "محەممەد سۆهرابی" لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە بە سزای ١٦ مانگ و یەک ساڵ دوورخرانەوە مەحکووم کراوە، "فەردین مەحموودی" چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی و "هیوا شوجاعی" دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی بۆ سەر شوێنی کارەکەیان دەسبەسەر کراون و دواتر هێرش کراوەتە سەر ماڵەکانیان و زۆربەی کەلوپەلە کەسییەکانیان بە بێ بەڵگەی یاسایی دەستیان بەسەردا گیراوە.
هەروەها "موراد ئوستورا" و " نێعمەت ئەحمەدنژاد"یش بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و دوابەدوای هێرش لە نیوەشەودا بۆ سەر ماڵەکانیان دەسبەسەر کراون و دەست بە سەر هەندێ لە کەلوپەلە کەسییەکانیاندا گیراوە.
موراد ئوستوار تەمەن ٤٥ ساڵ و کوڕی ساڵح، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە. نێعمەت ئەحمەدنژاد تەمەن ٣٧ ساڵ، خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە. محەممەد سۆهرابی خێزاندارە و کاری دروستکردنی کابینێت ئەکا. فەردین مەحموودی تەمەنی ٣٠ ساڵە و خێزاندارە. هیوا شوجاعی تەمەنی ٣٤ ساڵە و خێزاندارە.