دێولان؛ پووریا ئەحمەدی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، پووریا ئەحمەدی، برازای شادمان ئەحمەدی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دێولان، بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٢٦ ساڵە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
سەرەتاکانی ڕێبەندانی ١٤٠٣، پووریا ئەحمەدی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی پووریا ئەحمەدی زانیارییەک دەست نەکەوتووە.
ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠١، شادمان ئەحمەدی تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی دێولان کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا لەم شارە ڕۆڵیکی بەرچاوی گێرابوو، پاش چەندین جار هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕۆژی ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠١ بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرا و لە کۆتاییدا لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا.