مەریوان؛ دەسبەسەرکرانی پەروین ئەدوایی پاش بانگکرانی بۆ ئیتلاعات

ڕۆژی دووشەممە یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٣، پەروین ئەدوایی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو پاش بانگکران بۆ ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی مەریوان دەسبەسەر کراوە و سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی پەروین ئەدوایی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
پەریون ئەدوایی پێشتر لە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٨ لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوو.
ناوبراو پاش دوو مانگ لێپرسینەوە بۆ کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە ڕاگوێزرابوو و لە ڕۆژی ٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٨دا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
پەروین ئەدوایی دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە پێنج ساڵ بەندکرانی داسەپاو سزا درا و ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ یەک ساڵ کەم کرایەوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییەی پێشوو لە ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ دا بۆ جێبەجێکرانی سزای دەسبەسەرکرانەکەی بۆ کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە ڕاگوێزرا و ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ دوابەدوای بڕیاری لێبوردنی هێزی دادوەری ئازاد کرا.
ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە بواری مافی ژنان، منداڵان و ژینگە لە شاری مەریوان چالاک بووە.