دەسبەسەرکرانی میلاد ڕەندانی و نەریمان ڕەندانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە سەقز

22:09 - 4 رێبەندان 2724

میلاد ڕەندانی و نەریمان ڕەندانی، لە چالاکانی مەدەنیی شاری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان میلاد ڕەندانییان بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کردووە و هەروەها مێمۆریی کامێرای چاوەدێریی شوێنی کارەکەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: شەوی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، نەریمان ڕەندانی برای گەورەتری میلاد بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: دەسبەسەرکرانی ئەم دوو برایە لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی گشتی دژی سزای لەسێدارەدان بووە.

میلاد ڕەندانی لە وێنەگرەکانی شاری سەقزە و نەریمان ڕەندانی لە بواری هونەر و مۆسیقادا چالاکیی هەیە.

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، دوابەدوای بانگەوازی حیزبە کوردستانییەکان دژی سزای سێدارە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان لەوانە سنە، مەهاباد، سەقز، دیواندەرە، مەریوان و ... مانگرتنی بەرینی کاسبکار و بازاڕییان بەڕێوە چوو کە شێوازی جیاوازی سەرکوت لەوانە بانگکردن، دەسبەسەرکردن و گوشار بۆ سەر بازاڕییانی بەدواوە بووە.