بانگەوازی شەش حیزبی کوردستانی بۆ مانگرتنی گشتی دژی لەسێدارەدان، مانگرتن لە ناسراوترین مافە بنەڕەتییەکانی خەڵک
شەش حیزبی کوردستانی دژی لەسێدارەدانەکان بۆ ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، بانگەوازێکی گشتییان ڕاگەیاندووە.
ئەم حیزبانە داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە بۆ پێشگرتن لە سزای لەسێدارەدان و بەدەستهێنانی ئامانجە سیاسی و مرۆڤدۆستانەکان لە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا مانگرتنی گشتی بەڕێوە ببەن.
ئەم حیزبانە پێشگرتن لە پەتی سێدارە، بە شێوەی مەدەنی و هێمنانەیان پەیامهێنەری خەبات و بەرخودانێک لە چەشنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بۆ خەڵکی سەرتاسەی ئێران زانیوە.
حیزنە کوردستانییەکان ڕایانگەیاندووە؛ وەرن جارێکی دیکە نیشانی بدەین کە کوردستان لە بەرانبەر حکوومەتێکی لەم چەشنە نامرۆڤانە، بێدەنگ نابێ و لە بەرخودان بەردەوام دەبێت".
حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن مافی بانگەواز بۆ مانگرتنیان هەیە و ئەمە لە کوردستاندا چەندین جار لەلایەن خەڵکەوە پێشوازیی لێ کراوە؛
ئەگەرچی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە نایاسایی و "دوژمن"ن، بەڵام لە ئاستی نێونەتەوەییدا ئەم حیزبانە لە کاتێکدا کە دوور خراونەتەوە مافی ئەوەیان هەیە ڕوانگەی خۆیان دەرببڕن و بۆ مافی مرۆڤ و دێموکراسی هەوڵ بدەن.
بانگەوازەکانی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی بۆ مانگرتنی گشتی چەندین جار سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە و ڕەوایی و پشتیوانی لەم بانگەوازە لەلایەن خەڵکەوە پیشوازیی لێ کراوە.
مانگرتنی گشتی بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ لە مافە ناسراوەکانی مرۆڤە؛
بە سەرنجدان بە پێشێلکاریی بەربڵاوی مافی مرۆڤ، سەرکوتی سیستماتیک و بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان، ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا پشتیوانی لە هەر چەشنە داواکاریەکی هێمنانەی خەڵک دەکات.
کوردپا ڕایدەگەینێ، خەڵک پاش بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە هۆی بێبەریبوون لە مافی ناڕەزایەتی و گردبوونەوە، چەندن جار بە سێوەی هێمانە مانیان گرتووە و ئەمە مافی بێئەملاوئەولای ئەوان بۆ بەهرەمەندبوون لە مافخوازی و داواکارییەکانیانە.
کوردپا لە پێوەندی لەگەڵ سەرکوتی پاش مانگرتنەکان بە سەرنجدان بە سەلیقەی کۆماری ئیسلامی هۆشداری دەدات و پێبەندە بەوەی کە کار لەسەر حاڵەتەکانی سەرکوت بکات و بە میدیایی و دێکۆمێنتی بکات.