سنە؛ پووریا جەواهری، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی مانی لە خواردن گرت
پووریا جەواهری لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە مانی لە خواردن گرتووە.
مستەفا ئەحمەدیان، پارێزەری پووریا جەواهری بە ئاماژە بە بڕیاری دەسبەسەرکرانی زیاتر لە ٢٥ مانگی پووریا جەواهری ڕایگەیاندووە: "بریگرتەکەم پووریا جەواهری بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە دەسبەسەرکرانی درێژماوە لە بەندیخانەی ناوەندی سنە مانی لە خواردن گرتووە."
پووریا جەواهری لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە لقی یەکی داداگای ئینقلابی سنە لە تۆمەتی "موحاربە، چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام و ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی نیزام" بێتاوان ناسێندرا بەڵام ئێستاش لەگەڵ تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەستی یەکێک لە پێرسۆنێلی سپای پاسداران" بەرەوڕوویە.
خەرمانانی ١٤٠٢، پووریا جەواهری لە زیندانی کامێرانەوە بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا و گەلاوێژی ١٤٠٢، مستەفا ئەحمەدیان، پارێزەری پووریا جەواهری باسی لەوە کرد کە دۆسییەی بریگرتەکەی، بە تۆمەتەکانی "موحاربە لە ڕێگەی کوشتنی بەئەنقەستی پێرسۆنێکی نیزامی، ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی نیزام، چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام و لێدانی بەئەنقەستی چەند هیزی نیزامی"، ڕادەستی لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە کرا.
پووریا جەواهری، ڕۆژی ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ پاش بانهگێشتکران بۆ ئیتلاعاتی سپای کامێران دەسبەسەر کرابوو و کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠١ و پاش دوو مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپادا، بۆ زیندانی کامێران ڕاگوێزرابوو.
ڕۆژی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١، پووریا جەواهری لەژێر چاوەدێریی چڕی ئەمنییەتییدا و بە دەست و پێی بەستراو بۆ شەقامی ١٢ میتریی کامێران ڕاگوێزراوە و لە لێپرسینەوەدا هەڕەشەی بەشداریکردن لە سێناریۆی "بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان و تەقەکردن لە هێزە سەرکوتکەرەکان"یان لێ کردووە.
بەفرانباری ١٤٠١، بەرپرسی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای سنە سەبارەت بەم دۆسییەیە بە هەواڵدەریی "تەسنیم"ی ڕاگەیاندبوو: حوکمی دەسبەسەرکران بە تۆمەتی موحاربە بۆ "پووریا جەواهێری" دەر چووە و لە لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای کامێران دۆسییەی بۆ کراوەتەوە و ناوبراو لە لقی لێپرسینەوەدا دانی بە تەقەکردن لە هێزە سەرکوتکەرەکان داناوە و وتوویەتی کە چەکەکەی لە کەسێکی دیکە وەرگرتووە کە ئەو کەسەش دەسبەسەر کراوە.
پووریا جەواهری کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەزی ١٤٠١ لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی باسی لە ڕاگیرانی خۆی لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتیی شاری سنە کردبوو و لە کاتێکدا کە ویستبووی سەبارەت بە ئەشکەنجەکران و شکانی قەفەسەی سینگی لە کاتی لێپرسینەوەدا زانیارییان پێ بدا، لێپرسەکان پێوەندییەکەیان لێ پچڕاندووە.