دەسبەسەرکرانی ئیبراهیم گوڵعەنبەر، برای ئیسماعیل گوڵعەنبەر لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە
ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بەفرانباری ١٤٠٣، ئیبراهیم گوڵعەنبەر، برای ئیسماعیل گوڵعەنبەر لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە جوانڕۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان لە ڕێگای بێستوون_کرماشان و لە کاتی گەڕانەوە لە تارانەوە بۆ جوانڕۆ دەسبەسەر کردووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئیبراهیم گوڵعەنبەر زانیارییەک دەست نەکەوتووە.
ڕۆژی ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئیسماعیل گوڵعەنبەر خەڵکی جوانڕۆ لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەم شارە و پاش ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بەهادین وەیسی و عرفان کاکایی کە هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت خەڵکی بەشدار لەم ڕێوڕەسمەیان دانە بەر دەسڕێژی گولـلە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا.
ئیسماعیل خێزاندار بوو و کچێکی دوو ساڵانی هەبوو.