فەرهاد شێخی، چالاکی کرێکاری لەژێر چاوەدێری بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج ئازاد کرا
ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بەفرانباری ١٤٠٣، فەرهاد شێخی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سەقز دانیشتووی هەشتگردی کەرەج لەژێر چاوەدێری بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج ئازاد کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، داواکاریی ئەم چالاکە کرێکارە بۆ ئازادی بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی قەبووڵ کراوە و ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بەفرانبار بۆ ماوەی چوار ڕۆژ نێردراوەتە مورەخەسی کە دەبێ لەم ماوەیەدا بۆ وەرگرتنی پێبەندی ئێلێکترۆنیکی سەردانی لقی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی هەشتگرد بکات. ناوبراو باقی ماوەی سزاکەی لەژێر چاوەدێری بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی بە سنووردارکردنی هاتوچۆ لە تاران، تێدەپەڕێنێت.
فەرهاد شێخی، لە خەرمانانی ١٤٠٣دا بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی چووە لقی یەکی جێبەجێکاری سزا کەیفەرییەکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی هەشتگرد و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج ڕاگوێزرا.
خەرمانانی ١٤٠٣، ئەم چالاکە کرێکارییە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بە ٨ مانگ بەندکرانی داسەپاو، دوو ساڵ قەدەغەکرانی چوونەدەرەوە لە ئێران، دوو ساڵ دوورخرانەوە بۆ زێدی خۆی و قەدەغەبوونی ژیان بۆ ماوەی دوو ساڵ لە پارێزگاکانی ئەلبورز و تاران سزا درابوو.
سەرەتاکانی پووشپەڕی ١٤٠٣، فەرهاد شێخی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی کەرەجەوە بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" بە یەک ساڵ بەندکران، دوو ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران، دوو ساڵ دوورخرانەوە و ژیانی زۆرەملێ لە شاری دیواندەرە و قەدەغەکردنی ژیان لە پارێزگاکانی ئەلبورز و تاران بۆ ماوەی دوو ساڵ سزا درا.
کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم چالاکە کرێکارییە لە ڕۆژی ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٢ لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی کەرەج بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئاسف حوسێنی" بەڕێوە چووبوو.
پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢، لقی ٦ی لێپرسینەوەی دادسەرای هەشتگرد، بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی" حوکمی دەسبەسەرکرانی بۆ "فەرهاد شێخی" دەرکرد.
فەرهاد شێخی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٢، لە ماڵەکەی خۆیدا لە هەشتگردی کەرەج لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی جۆزەردانی هەمان ساڵ پاش ١٤ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی کاتی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕەجایی شار و ڕاگواستنی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج، بە شێوەی کاتی بە کەفاڵەتی ١٠٠ میلیۆن تمەنی و بە تۆمەتی "چالاکیی تەبلیغی" ئازاد کرا.
فەرهاد شێخی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١یش دوابەدوای دەرچوونی بەخشنامەی لێبوردن لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج ئازاد کرابوو.