کامێران؛ ئومید حامێدی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

04:27 - 20 سەرماوەز 2724

ڕۆژی شەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٣، ئومید حامێدی، مامۆستای قوتابخانەی دواناوەندیی "شاهێد"ی کامێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم مامۆستایەیان لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: پاش دەسبەسەرکرانی ئومید حامێدی، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی، دەستیان بەسەر هەندێک کەلوپەلی کەسیی ناوبراودا گرتووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادار ڕایگەیاند: بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم مامۆستایە بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئومید حامێدی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.