شنۆ؛ سێ هاووڵاتیی کورد بە بەندکران سزا دران

02:18 - 14 خەزەڵوەر 2724

سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "دیاکۆ عەزیزی" خەڵکی گوندی "باب خاڵاوێ"، "لوقمان زەنگی" و "سیامەند زەنگی" خەڵکی گوندی "کانی سۆرک" سەر بە شاری شنۆ لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەنساری" هەر کامەیان بە ١٦ مانگ بەندکران سزا دران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەم سێ هاووڵاتییەی بە "پێوەندی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە لە ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣دا بەڕێوە چووە و سێ ڕۆژ دواتر سزای دەرکراو بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٣، دیاکۆ عەزیزی بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٣، لوقمان زەنگی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.

ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣، لوقمان زەنگی بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و ٢٠٠ میلیۆن تمەنی لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٣، سیامەند زەنگی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی ورمێدا لێپرسینەوەی لێ کرا و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە، بۆ بەندیخانەی شنۆ ڕاگوێزرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣، ئەم هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کرا.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: دیاکۆ عەزیزی، سیامەند زەنگی و لوقمان زەنگی