ورمێ؛ دەرکرانی سزای لەسێدارەدران بۆ سێ بەندکراوی کورد بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل"
ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "دۆڵەگەرم" سەر بە شاری سەردەشت و ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران سزا دراون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سێ هاووڵاتییە پووشپەڕی ١٤٠٢، لە سەردەشت لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزران.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم سێ هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراون و پاش زیاتر لە سێ مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی بۆ یەکەمین جار ئیزنیان پێ دراوە کە پێوەندی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکانیان بگرن.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان ئەم سێ هاووڵاتییەیان بە "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" و "گواستنەوەی پێداویستی بۆ کوشتنی فەخریزادە" تۆمەتبار کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی لە سنووری سەردەشت خەریکی کۆڵبەری بوون. لەگەڵ ڕەسووڵ ئەحمەد محەممەد کە لە سنووری سلێمانی کاسبکارە، لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەدا هەموو تۆمەتە وەپاڵدراوەکانیان ڕەت کردووەتەوە و هێزە ئەمنییەتییەکان بە ئەشکەنجە ئەم سێ هاووڵاتییەیان ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ لە دژی خۆیان کردووە.
ئەم سەرچاوەیە وتی: ئەم سێ هاووڵاتییە پاش زیاتر لە ٨ مانگ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ڕاگوێزران.
ئەم سەرچاوەیە وتیشی: کۆبوونەوەی داداگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم سێ هاووڵاتییە لە ڕۆژی یەکی ڕەزبەری ١٤٠٢ لە لقی ٢ی داداگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چوو و سەرەتاکانی خەزەڵوەری هەمان ساڵ دەرچوونی سزای سێدارە دژی هەر سێکیان ڕاگەیەندرا.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕاشیگەیاند: ئەم سێ بەندکراوە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەکانی دادسەرادا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوون و پاش ڕەوانەکردنی دۆسییەکەیان بۆ دادگای ئینقلاب ئیزنی دەسپێڕاگەیشتن بە بە پارێزەریان پێ دراوە.
ئەسغەر جەهانگیر، وتەبێژی هێزی دادوەری ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە کوشتنی فەخریزادە بە بێ ئاماژە بە ناوی ئەم سێ بەندکراوە ڕایگەیاند: "سەبارەت بەو سێ کەسە کە ناویان هێنراوە، ڕەوتی دادوەری لە قۆناغی دادسەرا و دادگا، لە دادگای ئینقلابی ورمێ جێبەجێ کرا و لە قۆناغی سەرەتاییدا ئەم سێ کەسە بە لەسێدارەدران سزا دران و دۆسییە لە قۆناغی داواکاری بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارەیە."
ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی، هەر دووکیان خێزاندارن و بە ڕیز خاوەنی دوو و سێ منداڵن.
وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی