دێولان؛ ئازاد عەباسی، بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی نۆژین و وانەبێژی زمانی کوردی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران دەسبەسەر کرا
ئەمڕۆ ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، ئازاد عەباسی بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی نۆژین و وانەبێژی زمانی کوردی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ بەندکران دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی قوروە ڕاگوێزرا.
سروە ڕەحمانی، هاوسەری ئازاد عەباسی لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا بە بڵاوکردنەوەی پەڕەیەک لە حوکمی هاوسەرەکەی کە ڕێکەوتەکەی ٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٢یە و لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی دێولانەوە دەرکراوە، نووسی؛ ئازاد بە بێ بەشداریی خۆی بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ٥ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی "بیڕێزی بە ڕێبەر" بە دوو ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران و سزا دراوە. پاش ناڕەزایەتیدەربڕین لە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" بێتاوان ناسراوە بەڵام سزاکانی دیکە وەک خۆیان پشتڕاست کراونەتەوە.
ئازاد عەباسی تاکوو ئێستا چەندین جار دەسبەسەر کراوە و سزای بەسەردا سەپێندراوە.
٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٢؛ ئازاد عەباسی بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە هۆی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی یەکەمین ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا. لە کۆتاییدا ڕۆژی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢، بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.
١٨ی خەرمانانی ١٤٠٢؛ ئەم چالاکە مەدەنییە لە بەرەبەری یەکەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا و بە هۆی واژۆنەکردنی داواکاریی لێخۆشبوون و پاشەکشێ لە هەڵوێستەکانی پاش بانگکران بۆ دادگای دێولان دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی قوروە ڕاگوێزرا. ناوبراو لە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣دا ئازادکرانی خۆی لە بەندیخانەی قوروەی ڕاگەیاند.
٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١؛ ئازاد عەباسی لەگەڵ سیرووس عەباسی و سروە ڕەحمانپوور، بە هۆی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرا. ئازاد عەباسی ماوەی یەک مانگ لە ژووری تاکەکەسی و بۆ ماوەی دوو مانگ لە بەندیخانەی سنە ڕاگیرا.
٦ی سەرماوەزی ١٤٠١؛ ئازاد و سیرووس عەباسی لە چالاکانی مەدەنیی دێولان لەلایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەریی ئەم شارەوە هەرکامیان بە ٦ ساڵ و چوار مانگ بەندکران سزا دران. بەپێی سزای دەرکراوی دادگای سەرەتایی، سیرووس عەباسی و ئازاد عەباسی هەرکامیان بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ١٠ مانگ بەندکران، "تێكدانی نەزمی گشتی" بە ١٨ مانگ بەندکران، "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ٤٨ مانگ بەندکران سزا دران. ئەم دوو چالاکە مەدەنییە سەڕەرای داواکاریی فەرمی بۆ دیاریکردنی پارێزەر، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کران و لە دادگایەکی چەند خولەکیدا بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس دادگایی کران.
٢٤ی بەفرانباری ١٣٩٨؛ ئازاد عەباسی لە کاتی بەدواداچوون بۆ دۆخی برا و براژنەکەی دوای دەسبەسەرکرانیان لە ئیتلاعاتی دێولان، لەگەڵ هەڵسوکەوتی توندی هێزە ئیتلاعاتییەکان بەرەوڕوو بووەوە و دواتر دەسبەسەر کرا. ناوبراو بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و بۆ ماوەی دوو مانگ لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیرا. لە کۆتاییدا بێتاوان ناسرا و سیرووس عەباسی و فەریدە وەیسی بە دوو ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو سزا دران.