بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ڕەزا عەلایی، دەرهێنەری کورد

00:51 - 23 رەزبەر 2724

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی ڕەزا عەلایی، فیلمساز و دەرهێنەری کوردی خەڵکی بانە، سەبارەت بە دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دەرهێنەرە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا تەنیا یەک جار پێوەندییەکی تلفۆنیی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی هەبووە و ڕوون نییە کە لە کام گرتنگەی ئەمنیەتییدایە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: ڕەزا عەلایی تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٣، ڕەزا عەلایی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ڕەزا عەلایی چەندین فیلمی کورت و درێژی دروست کردووە و دەرهێنەری فیلمی "زەوییە پیسەکان" بووە کە توانی لە فێستیڤاڵی فیلمی کەندا بەشدار بێت.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوکان دژی ئەم دەرهێنەرە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.