بۆکان؛ دەسبەسەرکرانی ئەحمەد حەسەنزادە، باوکی محەممەد حەسەنزادە لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

23:51 - 26 خەرمانان 2724

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٣، هاوکات لەگەڵ دووهەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ئەحمەد حەسەنزادە، باوکی محەممەد حەسەنزادە لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە بۆکان دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا و هەروەها لە زاری ڕەفیق حوسێن‌پەناهی چالاکی سیاسییەوە، دەوروبەری کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانان، ئەحمەد حەسەنزادە لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری بۆکاندا لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ئەحمەد حەسەنزادە تاکوو ئێستا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بانگ کراوە.

بۆکان یەکێک لەو شارانەیە کە ڕۆژی یەکشەممە هاوکات لەگەڵ ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی پەیوەستی مانگرتنە گشتییەکە بوو و کەشی توندی ئەمنییەتی بەسەر ئەم شارەدا زاڵ بوو.