عەبدوڵڵا قەنبەری‌وەند و مەحموود قەنبەری‌وەند بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەیان بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزران

01:14 - 21 خەرمانان 2724

ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٣، عەبدوڵڵا قەنبەری‌وەند تەمەن ٤٩ ساڵ کوڕی حەسەن و مەحموود قەنبەری‌وەند تەمەن ٤٨ ساڵ و کوڕی حەسەن، خەڵکی پیرانشار بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەیان بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزران.

ئەم دوو هاووڵاتییە پێشتر بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە هەر کامەیان بە ٦ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانی داسەپاو سزا درابوون کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، ٣ ساڵ و ٧ مانگ لە سزاکەیان جێبەجێ دەکرێ و یەک لەسەر سێی ئەم سزایە بۆ ماوەی ٤ ساڵ هەڵدەپەسێردرێت.

هەروەها بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٢، عەبدوڵڵا قەنبەری‌وەند لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزا قەهرەمانی ساعەتلوو" سەبارەت بە تۆمەتی "بەشداری لە دروستکردنی ٢٠ کۆکتیل مۆلۆتۆف" بە ٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو و پێبژاردنی ٢ میلیۆن ڕیاڵ سزای نەختی بە ناوی سندووقی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزا درا و مەحموود قەنبەری‌وەندیش لەلایەن هەمان لقەوە بە ١٥ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی داسەپاو سەبارەت بە تۆمەتی "هاوکاری لە دروستکردنی چەکێکی ساچمەزەن" و ٧ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو بۆ تۆمەتی "هاوکاری لە دروستکردنی دوو چەکی دەسسازی شەڕکەر" و ٣ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی داسەپاو بۆ تۆمەتی "هاوکاری لە ڕاگرتنی ٣ فیشەکی جەنگی" و ١٥ مانگ و یەک ڕۆژ سزای داسەپاو بۆ تۆمەتی "بەشداری لە دروستکردنی ٢٠  کۆکتیل مۆلۆتۆف"سزا درابوو.

لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەری ٢ی پیرانشار بە لەبەرچاوگرتنی یاسای زۆرترین سزا، ٧ ساڵ و ٦ مانگ و یەک ڕۆژ لە سزای مەحموود قەنبەری‌وەندی بە یەک دەرەجە کەمکردنەوە بۆ ٤ ساڵ سزای داسەپاو کەم کردەوە و سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای ٤ ساڵ سزای داسەپاوی ناوبراو، نیوەی سزاکەی بۆ ماوەی یەک ساڵ هەڵپەسارد.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠١، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و بەمەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوون.

ئەم دوو هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوون و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرابوون.