سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوێک لە بەندیخانەی میاندواو جێبەجێ کرا

22:56 - 19 خەرمانان 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوێک بە ناوی "فەیزوڵڵا حوسێنپوور" خەڵکی سایین قەڵا و دانیشتووی بۆکان، لە بەندیخانەی میاندواو جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەرمانان بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.

ئەم بەندکراوە ٥ ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" دەسبەسەر و دواتر لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە بە لەسێدارەدران سزا درابوو.

فەیزوڵڵا حوسینپوور، خێزاندار و باوکی سێ منداڵ، خەڵکی گوندی "چراغ عەبداڵ" سەر بە شاری سایین قەڵایە.

هەتا ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم بەندکراوە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.