بۆکان؛ دژایەتی لەگەڵ وەرگرتنی مورەخەسیی دەرمانیی حەسەن مەردانی، بەندکراوی سیاسیی کورد

13:38 - 11 خەرمانان 2724

حەسەن مەردانی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی بۆکان کە لە بەندیخانەی ئەم شارە ماوەی سزاکەی خۆی تێدەپەڕێنێ، سەرەڕای پێویستیی بە پێڕاگەیشتنی پزیشکی لە مافی وەرگرتنی مورەخەسیی دەرمانی بێبەری کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە سیاسییە نەخۆشیی دڵ و پرۆستاتی هەیە و لە دۆخێکی نالەباردایە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئیتلاعاتی بۆکان ئیزنی پێدانی مورەخەسیی دەرمانی بەم بەندکراوەی نەداوە و ناوبراو لە مافی وەرگرتنی مورەخەسیی دەرمانی بێبەری کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢، حەسەن مەردانی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزرا.

سەرماوەزی ١٤٠٢، ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی "ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارەوە بە سێ ساڵ بەندکران سزا درا.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢، حەسەن مەردانی بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی بۆکان ئازاد کرا.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢، ئەم هاووڵاتییە کوردە پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزرا.

شەوی پێنجشەممە، ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٢، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.