دژایەتیی دادستانی پیرانشار لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی دوورخرانەوەی سەید محەممەد حوسێنی، بەندکراوی سیاسیی کورد

13:53 - 7 خەرمانان 2724

سەید محەممەد حوسێنی، بەندکراوی سیاسیی کورد، سەرەڕای کۆتاییهاتنی ماوەی دوورخرانەوەکەی بە هۆی دژایەتیی موجتەبا مەحموودی، دادستانی پیرانشار دوور خراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادری کوردپا، ٥ مانگ لە کۆتاییهاتنی ماوەی دوورخرانەوەی سەید محەممەد حوسێنی تێدەپەڕێ و بە هۆی دژایەتیی دادستانی پیرانشار، ئەم بەندکراوە سیاسییە ئێستاش دوور خراوەتەوە و لە شاری هەریس سەر بە پارێزگای ئازەربایجانە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: دادستانی پیرانشار ڕایگەیاندووە کە حوکمی دەرکراو دژی ئەم بەندکراوە سیاسییەی قەبووڵ نییە و نابێ سزای ناوبراو کەم بکرێتەوە.

ڕۆژی شەممە ١١ی پووشپەڕی ١٤٠١، سەید محەممەد حوسێنی بۆ شاری هەریس لە پارێزگای ئازەربایجان دوور خرایەوە.

ماوەی دوورخرانەوەی سەید محەممەد حوسێنی پاش قەبووڵکردنی سزاکە و هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو بە دوو ساڵ دوورخرانەوە کەم کرایەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٠، ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردەی دانیشتووی پیرانشار بە دانانی بارمتەی قورس لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کراوە.

ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، سەید محەممەد حوسێنی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی "موحاربە" بە ٨ ساڵ دوورخرانەوە بۆ شاری هەریس لە پارێزگای ئازەربایجان سزا درابوو.

پیشتر ئەم بەندکراوە سیاسییە بە تۆمەتی "موحاربە" لە ڕێگەی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە ٤٠ ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ مەحکووم کراوە.

سزای ٤٠ ساڵ بەندکرانی سەیدمحەممەد حوسێنی بە هۆی کەمایەسیی لێکۆڵینەوەکان لە دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەوە و دۆسییەی ناوبراو بە مەبەستی پیڕاگەیشتنی دووبارە ڕادەستی ئەو دادگایە کرا کە سزاکەی دەرکردبوو و ڕێبەندانی ١٤٠٠ دادگاییکرانی دووبارەی ناوبراو لە دادگای ئینقلابی مەهاباد بەڕێوە چوو.

سەیدمحەممەد حوسێنی پیشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە و پاش گەڕانەوە بۆ ئێران ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٦ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.