کرماشان؛ دەستداگرتن بەسەر دەیان میلیارد سامانی کاوە عەزیزی، چالاکی سیاسی لە دەرەوەی ئێران

11:55 - 21 گەلاوێژ 2724

٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٣؛ بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە کوردپا گەیشتووە، هەموو سامانی کاوە عەزیزی، چالاکی سیاسی لە دەرەوەی ئێران کە دەیان میلیارد تمەن خەمڵێندراوە، بە فەرمانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و دادگای کرماشان دەستی بەسەردا گیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ دوو ماڵی کاوە عەزیزی لە کرماشان و جوانڕۆ بە نرخی ٤٠ و ١٥ میلیارد تمەن دەسبەجێ دوای چوونەدەرەوەی لە ئێران دەستیان بەسەردا گیراوە. هەروەها هەموو کەلوپەلی ماڵەکانیشی دەستیان بەسەردا گیراوە و دەفرۆشرێن.

چەند وێنەیەک لە پۆلۆمپی یەکێک لە ماڵەکانی کاوە عەزیزی بە ئاسن و هەروەها دەستداگرتن بەسەر کەلوپەلی ماڵەکەی و ڕاگواستنیان؛

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٢، بەپێی فەرمانی لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری کرماشان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "فەرهاد عەلیخانی"، دوو ماشینی "پژۆپارس" و "تۆیۆتا ڕافۆر"ی کاوە عەزیزی بە قازانجی "ستادی ئیجرائی فەرمانی خومەینیی کرماشان" دەستی بەسەردا گیراوە. بەپێی بەڵگەی ئەم فەرمانە دادوەرییە، "مەسعوود عەبدی‌فەرد" وەکوو نوێنەری "ستادی ئیجرائی فەرمانی خومەینیی کرماشان" لە پۆلیسی "ڕاهوەر" ناسێندراوە و وەکوو بەرپرسی ئەم کارە دیاری کراوە. هەروەها بەڵگەیەک لە پێناسی "مەسعوود عەبدی‌فەرد" وەکو کارناسی سامانی گوازراوی "ستادی ئیجرائی فەرمانی خومەینیی کرماشان" بە دەستی کوردپا گەیشتووە.

کاوە عەزیزی خەڵكی سەلاسی باوەجانی و دانیشتووی کرماشان، دوابەدوای دۆسییەسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆ دەسبەسەرکردنی لە پووشپەڕی ١٤٠١دا، ئێرانی بەجێ هێشتووە.

تاکوو ئێستا ناوەندە ئەمنییەتییەکان چەندین جار هەوڵیان داوە کە ئەم چالاکە سیاسییە لەژێر گوشار و هەڕەشەدا، بگەڕێننەوە بۆ ئێران.