بانگکران و لێپرسینەوە لە سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی حەسەن واژی، چالاکی سیاسی لەلایەن ئیتلاعاتی پیرانشارەوە

00:45 - 10 گەلاوێژ 2724

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣، سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی حەسەن واژی، چالاکی سیاسی لە دەرەوەی ئێران، بانگی ئیتلاعاتی پیرانشار کراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوە و هەڕەشەی توندیان لێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ گرووپێک لە هێزەکانی ئیتلاعات پێکهاتوو لە ناوەندە ئەمنییەتییەکان کە لە تارانەوە هاتبوونە ئیتلاعاتی پیرانشار، بە بانگکردنی سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی حەسەن واژی بۆ ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە، سەبارەت بە چالاکییە سیاسییەکانی حەسەن واژی لە دەرەوەی ئێران، بە چڕی لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێ کردوون.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا دەڵێ؛ ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر سەبارەت بە چالاکییەکانی حەسەن واژی لە هەرێمی کوردستانی عێراق لێپرسینەوەیان لێ کردوون و پێیان وتوون ئەم بانگکرانە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنامەی ئەمنییەتیی نێوان عێراق و ئێراندایە و تێچووی درێژەکێشانی چالاکییەکانی حەسەن واژی لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەندامانی بنەماڵەکەی لە ئێران و خودی حەسەن واژی لە هەرێمی کوردستان، قورس دەبێ.

لێپرسەکانی ئیتلاعات، هەڕەشيیان لە ئەندامانی بنەماڵەی واژی کردووە کە حەسەن واژی ناچار بە وازهێنان لە چالاکی دژی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان بکەن و ئەگەر وا نەبێت ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە جیددی دژی ناوبرا و بنەماڵەکەی کردەوەی جیددی دەنوێنن.

سەید جەماڵەدین واژی، عەبدولحەمید واژی و فاتمە پایمەردی؛ برا، کوڕ و هاوسەری حەسەن واژی لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەم چالاکە سیاسییەن کە بانگی ئیتلاعات کراون.

پێشتریش و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، مامۆستا سەید جەماڵەدین واژی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

لە درێژەدا و لە ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٢دا، دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ورمێ، مامۆستا سەید جەماڵەدین واژی و سێ مامۆستای ئایینیی کوردی بە "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی، تێکدانی ڕای گشتی، واژۆی بەیاننامەی مامۆستایانی کوردستان بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و بەشداری لە لە ناڕەزایەتییەکان" تۆمەتبار کرد و بەپێی سزای دەرکراو، مامۆستا یوونس نەوخا، لە مامۆستایانی قوتابخانەی زانستی ئاینیی سەلاحەدینی ئەیووبیی پیرانشار بە سێ ساڵ بەندکران، مامۆستا سەید سلێمان ئەحمەدی لە  مامۆستایانی قوتابخانەی زانستی ئاینیی سەلاحەدینی ئەیووبیی پیرانشار بە ٤ ساڵ بەندکران، مامۆستا شەریف مەحموودپوور، پێشنوێژی مزگەوتی ڕەسوڵەڵڵای پەسوێی پیرانشار بە دوو ساڵ بەندکران و مامۆستا سەید جەماڵەدین واژی پێشنوێژی پەسوێی پیرانشار بە دوو ساڵ بەندکران سزا دران.