پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسی؛ چەند جار لە کاتی لێپرسینەوەدا لە دار درام

11:53 - 1 گەلاوێژ 2724

پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین کە زیاتر لە ٨ مانگە دەسبەسەرە، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا لە بەندیخانەی ئێڤینەوە لەژێر ناوی "نکۆڵیکردن لە  هەقیقەت و ئاڵتیرناتیڤەکەی" وێڕای ئاماژە بە ئازاری "ژن بوون" و "کورد بوون" لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی، ئاماژە بە ئەشکەنجەکانی خۆی لە ژووری تاکەکەسی و ڕاگرتنی لە دۆخی نامرۆڤانە دەکات.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە سەرەتای نامەکەی خۆیدا، ئاماژە بە دەسبەسەرکرانی توندوتیژانەی لە پێش چاوی بنەماڵەکەی بە ڕاکێشانی چەک لەلایەن ٢٠ کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکان دەکات و دواتر باس لە ڕاگواستنی بۆ ژووری تاکەکەسی دەکات کە وەبیرهێنەرەوەی تۆمەتی "کورد بوون" و "ژن بوون"ی ناوبراو لە دەسبەسەرکرانی ساڵی ٨٨ دا بووە.

پەخشان عەزیزی لەم نامە سەرئاوەڵایەدا باس لە ڕوانگە، گوتار و خەباتی خۆی بۆ "کورد بوون" و "ژن بوون"، سەرەڕای ئاماژە بە نکۆڵیکردن لەم هەقیقەتە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، باسی لە ئەشکەنجە و جۆری ئاکاری لێپرسەکان کردووە.

پەخشان عەزیزی ئاماژە بە ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونییەکان لە دیوی لێپرسینەوەی ژێر زەویدا دەکات کە چەندین جار لە دار دراوە، چەندین جار بە کورسییەکەیاندا داوە، بیڕێزییان پێ  کردووە و هەڕەشەیان لێ کردووە، مۆرکی "تەجزیەتەڵەبی" و "ڕەگەزی دووهەم"یان لێ داوە و وەک کەسایەتییەکی تێکشکاوی کۆمەڵایەتی ناویان لێ بردووە و نووسیویەتی "ئێمە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی، بچووک، ڕەقەمێک نین، بەڵام بۆ سزای قورس، قورسترین و گەورەترینین".

ناوبراو لە بەشێک لەم نامەیەدا، ئاماژەی بە ٥ مانگ ڕاگیرانی خۆی لە ژووری تاکەکەسی و مانگرتن لە خواردنی بەردەوام کردووە کە تووشی خوێنڕێژیی بەردەوام بووە.

لەە درێژەیدا ئەم بەندکراوە سیاسییە ئاماژە بە نێوەڕۆکی لێپرسینەوەکانی خۆی ئەکا، کاتێ کە لە شەڕی داعش بۆ بەرگری لە مافی ژنان چووبووە سووریە و بەم هۆیەوە بە هاوکاری لەگەڵ "پ ک ک" تۆمەتبار کراوە. بەڵام ئەو ئامانجەکەی ئەرکی مێژوویی سەبارەت بە ئەزموونەکان و سەرکوتکارییە مێژووییەکان ڕادەگەینێ و ئەوەی کە بە دەسپێڕاگەیشتن بە دێموکراسی، بە ئازادی دەگەین.

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا؛ سزای پەخشان عەزیزی بە تۆمەتی "بەغی"  بۆ دەر کراوە بەڵام تاکوو ئێستا ڕانەگەیندراوە و ئەگەری هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەم سزایە ڕابگەیەندرێ.

سەرماوەزی ١٤٠٢، پەخشان عەزیزی پاش ٤ مانگ لێپرسینەوە لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤینەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم بەندیخانەیە ڕاگوێزرا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢، لە تاراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا.

پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٨٨، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران، دژی لەسێدارەدانە سیاسییەکان لە کوردستان، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٤ مانگ دەسبەسەرکران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ئەم ژنە چالاکە کوردە پاش ماوەیەک لە ئێران چووبووە دەرەوە و چەند ساڵێک لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێ بوو.

دەقی نامە سەرئاوەڵاکەی پەخشان عەزیزی کە بە دەستی کوردپا گەیشتووە، وەک خۆی لە بەشی فارسیدا بڵاو کراوەتەوە.