شنۆ؛ عیسا ئیبراهیم زادە، بەندکراوی سیاسی لە مورەخەسیدا هەوڵی خۆکوژیی دا

12:09 - 31 پووشپەڕ 2724

عیسا ئیبراهیم زادە، بەندکراوی سیاسیی سزادراو بە بەندکران لە بەندیخانەی نەغەدە و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە هۆی درێژنەکردنەوەی ماوەی مورەخەسییەکەی لەلایەن بەندیخانەوە، لەکاتێکدا کە خەریکی تێپەراندنی ماوەی مورەخەسییەکەی بووە بە خواردنی ژەهر هەوڵی خۆکوژیی داوە.

بە وتەی سەرچاوەی کوردپا، عیسا ئیبراهیم زادە، وەرزێڕ، سەرپەرستی بنەماڵە و خەڵکی گوندی "دێشەمس" سەر بە شاری شنۆیە. بە سەرنجدان بە وەرزی هەڵگرتنەوەی بەرهەم، ناوەندە ئەمنییەتییەکان و بەرپرسانی بەندیخانە سەرنجیان بە داواکارییەی ناوبراو بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مورەخەسییەکەی نەکردووە و بەم هۆیەوە ناوبراو بە خواردنی ژەهر هەوڵی خۆکوژیی داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە سەبارەت بە ئاخرین دۆخی ئەم بەندکراوە سیاسییە دەڵێ؛ ناوبراو بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزراوە و خەوێندراوە.

عیسا ئیبراهیم زادە، وەرزێڕ و چالاکی کرێکاری، لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە ڕۆژی ٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە کاتی گەڕانەوە بۆ گوندی "دێشەمس" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش نزیکەی دوو مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگە ئەەمنییەتییەکانی ورمێ، لە ڕۆژی ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠١دا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە ڕۆژی ٣ی ڕەشەمەی ١٤٠١ لە دادگای ئینقلابی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مێهدی ڕەزایی" لە دادگاییکرانێکی چەند خولەکیدا بە تۆمەتی "بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان، پڕوپاگەندە دژی نیزام و پێوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ بەندکران سزا درا کە سێ ساڵی جێبەجێ دەکرێ.

عیسا ئیبراهیم زادە، ڕۆژی ١٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١ دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و پاش دوو ڕۆژ، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا.