مەریوان؛ چوار چالاکی سێنفیی مامۆستایان بە بەندکران سزا دران

16:52 - 20 پووشپەڕ 2724

ئارام محەممەدی، تەحسین مستەفا، سەیوان سلێمانی و ئارام قادری، چوار چالاکی سێنفیی مامۆستایانی خەڵکی مەریوان، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" هەر کامەیان بە ٤ مانگ بەندکران سزا دراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ماوەی سزای ئەم چوار چالاکە سێنفییەی بۆ ماوەی ٢ ساڵ هەڵپەساردووە.

ڕۆژی ٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١، داواکاری دۆسییەی ئەم چوار ئەندامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان_ مەریوان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" دەرکرا و دۆسییەکەیان ڕادەستی دادگوستەریی مەریوان کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، ئەم چوار چالاکە مەدەنییە بە مەبەستی ئاخرین بەرگری بانگی لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای مەریوان کرابوون.

ڕۆژی هەینی ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠١، ئەم چوار ئەندامەی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان_ مەریوان بە کەفالەت ئازاد کران.

ئەم چوار چالاکە سێنفییەی مامۆستایان ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠١ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.