یووسف حاجی خۆش، ئەندامی شۆرای ناوەندیی بەرەی یەکگرتووی کورد بە سێ ساڵ و چوار مانگ بەندکران سزا درا

20:02 - 3 پووشپەڕ 2724

یووسف حاجی خۆش، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و لێژنەی بەڕێوەبەریی بەرەی یەکگرتووی کورد خەڵکی گوندی "کۆنەقەڵا" سەر بە شاری شنۆ لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەنساری" بە سێ ساڵ و ٤ مانگ بەندکران سزا درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەم ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی بەرەی یەکگرتووی کوردی بە "هاوکاری و پێوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٣، یووسف حاجی خۆش بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە ئەم ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی بەرەی یەکگرتووی کوردیان لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کردووە.

ئەم ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی بەرەی یەکگرتووی کورد بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی شنۆ کرابوو.