ژنکوژی؛ لەیلا پایمەرد، ژنی لاوی خەڵکی پیرانشار لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ئاگری تێ بەردرا

21:22 - 28 جۆزەردان 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٣، ژنە لاوێکی تەمەن ٣٢ ساڵ بە ناوی "لەیلا پایمەرد" لە خانەباخێکی بچووک لە گوندی "شێلم جاڕان" سەر بە شاری پیرانشار لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ئاگری تێ بەردرا و سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣ بە هۆی سەختی برینەکان و زۆریی ڕێژەی سووتانەکەیەوە لە نەخۆشخانەی "خومەینی"ی ورمێ گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ هۆکاری ئاگرتێبەردانی ئەم ژنە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە "کێشەی بنەماڵەیی" و "داواکاریی جیابوونەوە" لەلایەن ئەم ژنەوە بووە. بە شێوەیەک کە لەیلا پاش هاوسەرگیری لەلایەن "هاوسەرەکەی و خوشکەکانیەوە" توندوتیژیی بەرانبەر کراوە و ئازار دراوە و بێڕێزیی پێ کراوە، هەر بەم هۆیەوە چەندین جار پرسەکەی بۆ خوشک و براکانی باس کردووە و هەرجار بۆ ماوەیەک ماڵ و هاوسەرەکەی بەجێ هێشتووە تاکوو بتوانێ لێی جیا ببێتەوە؛ بەڵام کێشەی ئەم ژنە چارەسەر نەبووە و لە کۆتاییدا لەلایەن هاوسەرەکەیەوە ئاگری تێ بەردراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە سەبارەت بە چۆنیەتیی ئاگرتێبەردانی لەیلا لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دەڵێ؛ لەیلا و هاوسەرەکەی بڕیار بووە لە زەمینێکی کشتوکاڵی لە گوندی "شێلم جاڕان" سەر بە پیرانشار کە خانەباخێکی بچووکی تێدایە کار بکەن و لەوێ بژین. لەیلا پێش لەوەی کە بسووتێندرێ، کاتی پارشێو بە مەبەستی ڕۆژووگرتن لە خەو هەستاوە و دوایە خەوتووەتەوە مورادیش پێش لەوە جێگا خەوەکە و دارێکی درێژ بۆ ئاگرتێبەردانی لەیلا ئامادە دەکات و پاش ئەوەی کە بە بەنزین ئاگر لە جەستەی لەیلا بەر دەدات، هەڵدێت. دواتر کەسێک کە لەو نزیکانەوە بووە بە ئاگرەکە دەزانێ و خۆی دەگەیەنێتە خانەباخەکە و دەنگی هاواری لەیلا دەبیستێ کە دەڵێ "موراد لە خەودا ئاگری تێبەردام."

بەپێی ئاخرین ڕاپۆرتەکان، موراد پاش ئاگرتێبەردانی لەیلا هەڵهاتووە و تاکوو ئێستا دەسبەسەر نەکراوە. کچەکانی لەیلا لە کاتی ڕووداوەکەدا لە ماڵەبابی باوکیان دەبن.

لەیلا پایمەرد دوو کچی تەمەن ١٣ و ٩ ساڵانی هەیە. ناوبراو هەتا قۆناغی سەرەتایی دەرسی خوێندووە و ژنێکی ماڵدار بووە. لەیلا لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لەگەڵ موراد هاوسەرگیری کردووە و لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا لەلایەن ئەم کەسەوە سووتێندراوە.

لەیلا پایمەرد، خەڵکی گوندی "خورینج" سەر بە شاری پیرانشار بووە و باوک و دایکی چەند ساڵ پێش کۆچی دواییان کردووە.

مورادیش خەڵکی گوندی "شێلم جاڕان" سەر بە شاری پیرانشار بووە.