وێنەی خەسرەو بەشارەت پاش لەسێدارەدرانی؛ ناوبراو لە گۆڕستانی گوێک تەپەی مەهاباد بە خاک سپێردرا

20:22 - 28 بانەمەڕ 2724

دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠٣، تەرمی خەسرەو بەشارەت، بەندکراوی عەقیدەتیی کوردی لەسێدراەدراو، گەڕێندرایەوە مەهاباد و لە گۆڕستانی گوێک تەپەی ئەم شارە بە خاک سپێردرا.

ڕۆژی سێشەممە بنەماڵەی بەشارەت دوابەدوای ئاگاداربوونەوە لە لەسێدارەدرانی کوڕەکەیان چوونە کەرەج و پێیان وتبوون کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەەمەڕی ١٤٠٣، تەرمەکەیان پێ دەدرێتەوە.

هەروەها بنەماڵەی کاروان شێخەش، بەهۆی نیگەرانی لە دۆخی کوڕەکەیان لەگەڵ بنەماڵەی بەشارەت چووبوونە کەرەج.

سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا سەبارەت بە ئاخرین دۆخی کامران شێخە دەڵێن، ناوبراو تاکوو ئێستا ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی نەکراوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣، سزای لەسێدارەدرانی خوسرەو بەشارەت، بەندکراوی عەقیدەتیی کورد پاش ١٤ ساڵ بەندکران و ١٤ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەسی لەکاتێکدا کە لە ئاخرین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو جێبەجێ کرا کە پارێ،ەرەکەی داوای پێداچوونەوەی کردبوو و بڕیار بوو ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی بانەمەڕی ١٤٠٣ لە دابڕگە بهێندرێتە دەرەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ پارێزەرەکەی خەسرەو بەشارەت لە کاتی ڕاگواستنییەوە بۆ ژووری تاکەکەسی داوای پێداچوونەوەی کردبوو.

 پارێزەرەکەی ڕایگەیاندبوو ئەگەری هەیە کە سزای لەسێدراەدرانی خەسرەو بەشارەت و کامران شێخە ڕابگیردرێت.

سەرەڕای ئەمەش بنەماڵەکەی نیگەرانی جێبەجێکرانی سزاکەی بوون و دەیانگوت هۆکارێک بۆ ڕاگیرانی لە ژووری تاکەکەسی نابینن.

ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی ١٤٠٣، هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدرانی ئەنوەر خزری، خەسرەو بەشارەت بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، خەسرەو بەشارەت بە مەبەستی وەرگرتنی وەسیەتنامەی ئەنوەر خزری لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی قزڵحەسارەوە بانگ کرابوو و دواتر ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.

ڕۆژی ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠٣، بنەماڵەی خەسرەو بەشارەت توانیبوویان لە بەندیخانەی قزڵحەساری کەرەج چاویان بە کوڕەکەیان بکەوێ. 

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٣ بنەماڵەی بەشارەت بە مەبەستی چاوپێکەوتن، سەردانی بەندیخانەی قزڵحەساریان کردبوو بەڵام ئیزنی چاوپێکەوتنیان پێ نەدرابوو.

سزای لەسێدارەدرانی ٥ کەسی دیکە بە ناوەکانی ئەنوەر خزری، فەرهاد سەلیمی، داوود عەبدوڵڵاهی، قاسم ئابستە و ئەیووب کەریمی کە دۆسییەی هاوبەشیان لەگەڵ ئەم بەندکراوە عەقیدەتییە هەبوو لە ماوەی ٧ مانگدا جێبەجێ کرا.


کوردپا لە ڕۆژی ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠٣دا، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە وردەکارییەکانی دۆسییەی ئەم ٧ بەندکراوە عەقیدەتییە بڵاو کردەوە.