بەندیخانەی نەغەدە؛ مستەفا حوسێنپوور لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی ٦ مانگە لە مافی مورەخەسی بێبەری کراوە

18:24 - 26 بانەمەڕ 2724

مستەفا حوسێنپوور، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵكی نەغەدە، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە کە نزیکەی ساڵێکە دەسبەسەر کراوە و لە بەندیخانەی نەغەدە خەریکی تێپەڕاندنی سزای ٥ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانە کە بەسەریدا سەپاوە.

مستەفا حوسێنپوور ناوەڕاستەکانی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٢، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسە کرا و هەواڵی دەسبەسەرکرانەکەی ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٢ بۆ یەکەم جار لەلایەن کوردپاوە بڵاو کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کووردپا، ناوبراو کاتێک کە دەسبەسەر بووە لەلایەن دادگای ئینقلابی نەغەدەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کەیوان نەوبەخت" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، "هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کوشتن و تێکدانی تەناهیی وڵات" و "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان" بە ٥ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران سزا دراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێ؛ مستەفا حوسێنپوور تاکوو ئێستا ١١ مانگ لە ماوەی سزاکەی تێپەڕاندووە و توانیویەتی دوو جار مورەخەسی وەربگرێ، بەڵام لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا بە فەرمانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا لە مافی مورەخەسی بێبەری بووە.

مستەفا حوسێنپوور، تەمەن ٢٦ ساڵ و کوڕی ئەبووبەکر، دانیشتووی نەغەدەیە. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.