بۆکان؛ ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، برای محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەسبەسەر کرا

20:11 - 21 بانەمەڕ 2724

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣، ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور، برای محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئیدریس حاجی ڕەسووڵپوور  زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠١، محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، لە ئاکامی ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و چوونە کۆماوە لە نەخۆشخانەی "قولیپوور"ی بۆکان گیانی لەدەست دا.