بۆکان؛ مردنی ڕەئیسی و بانگکردنی برای هەژار مام خوسرەوی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان

19:28 - 9 جۆزەردان 2724

دوابەدوای مەرگی ڕەئیسی و شاندی هاوڕێی لە ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ١٤٠٣دا کە دڵخۆشیی زۆری خەڵكی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و کاردانەوەی بنەماڵە مافخوازەکانی بەدواوە بوو؛ ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە دەسبەسەرکردن، بانگکردن و پێوەندیی تلفۆنی، گوشارەکان بۆ سەر خەڵک و سەرکوتکارییەکانیان زیاتر کردووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣، هێمن مام خوسرەوی ، برای هەژار مام خوسرەوی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، بانگی ئیتلاعاتی بۆکان کراوە و پاش وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کراوە.

هێمن مام خوسرەوی پاش چەند جار بانگکران و هەڕەشە لەم ناوەندە ئەمنییەتییە ئامادە بووە و هێزە ئەمنییەتییەکان وتوویانە، "بە هۆی ڕێزگرتن لەم شەهیدانە، ئیزن دەدەین کە بڕۆی."

هەژار مام خوسرەوی، تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی بۆکان، ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە ناڕەزایەتییەکانی شاری بۆکان و بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.