بۆکان؛ دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

19:26 - 14 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٣؛ هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "موحسێن ڕەسووڵزادە"، خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٩ ساڵانە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بە پشکنینی ماڵی موحسێن ڕەسووڵزادە کردووە".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو بێئاکام ماوەتەوە.

موحسێن ڕەسووڵزادە هەروەها لە ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ١٤٠١، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتایی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتەوەپاڵدراوەکانی دژی موحسێن ڕەسووڵزادە زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.