مارسێل هۆپ، کەفیلی سیاسیی یووسف ئەحمەدی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە ڕۆژی جیهانیی زیندانییانی سیاسیدا خوازیاری ئازادکرانی ناوبراو بوو

23:13 - 29 رەشەمه 2723

مارسێل هۆپ، کەفیلی سیاسیی یووسف ئەحمەدی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە ڕۆژی جیهانیی زیندانییانی سیاسی، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامیی خۆیدا نووسیویەتی : "من وەکوو کەفیلی سیاسیی ناوبراو، خوازیاری ئازادیی دەسبەجێی یووسف ئەحمەدیم".

بەڕێز هۆپ، لە درێژەدا ئاماژەی بەوە کرد؛ یووسف ئەحمەدی لەپێش چاوی منداڵەکانی لاقی کراوەتە ئامانجی گولـلە و دەسبەسەر کراوە. پاشان بۆ چەندین مانگ لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا بووە و بەپێی دانپیدانانی زۆرەملێی ژێر ئەشکەنجەدا کراوەتە ئامانجی دادگاییکردنێکی ساختە".

کەفیلی سیاسیی یووسف ئەحمەدی لە درێژەدا نووسی: "دیوانی باڵای وڵات لە کۆماری ئیسلامی حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراوی پشتڕاست کردووەتەوە و یووسف ئەحمەدی و ژمارەیەکی دیکە لە زیندانییانی سیاسی ئەگەری هەیە بە زووترین کات لە سێدارە بدرێن".

مارسێڵ هۆپ، پێشتر لە کاردانەوە بەنیسبەت پشتڕاست‌ بوونەوەی حوکمی لەسێدارەدانی یووسف ئەحمەدی  لە دیوانی باڵای وڵات نووسیبووی: "ناوبراو هیچ تاوانێکی نییە و بەناحەق سزای ئێعدامی بەسەردا سەپاوە".

مارسێڵ هۆپ، پاش سزادرانی یووسف ئەحمەدی بە لەسێدارەدران، ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢، کەفالەتی سیاسیی ناوبراوی لە ئەستۆ گرت و نووسی؛ من کەفالەتی سیاسیی یووسف لە ئەستۆ دەگرم تاکوو سەرنجەکان بۆ لای دۆخی ناوبراو ڕاکێشم و هاوڕێ لەگەڵ ڕای گشتی بتوانین گوشار بخەینە سەر کۆماری ئیسلامی.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە ئەشکەنجە فیزیکی و دەروونییەکان لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان دژی یووسف ئەحمەدی کردووە و وتوویەتی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و هەموو ڕێوشوێنە یاساییەکان و مافە نێونەتەوەییەکان لە دۆسییەکەیدا پێشێل کراون.

لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات، حوکمی لەسێدارەدرانی یووسف ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی بانەی پشتڕاست کردەوە.

پاش سێ ساڵ و چوار مانگ دەسبەسەرکرانی کاتی، یووسف ئەحمەدی خەڵکی بانە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا و سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی بانەش، بە ناوەکانی "محەممەد کەریمی"، "باست کەریمی" و "محەممەد فەیزی"، سەرجەم بە ٦٥ ساڵ بەندکران مەحکووم کراون.

بەپێی حوکمی دادگای سەرەتایی یووسف ئەحمەدی بە تۆمەتی "بەغی" بە لەسێدارەدران، محەممەد کەریمی بە تۆمەتی "بەشداری لە بەغی" بە ٢٥ ساڵ بەندکران، باست کەریمی بە تۆمەتی "بەشداری لە بەغی" بە ٢٠ ساڵ بەندکران و محەممەد فەیزی بە تۆمەتی "بەشداری لە بەغی"، بە ٢٠ ساڵ بەندکران مەحکووم کراون.

ئاخرین کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم چوار هاووڵاتییە لە ڕۆژی ٥ی خەرمانان لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چوو و حوکمی دەرکراو دژی ئەم ٤ هاووڵاتییە، لە ڕۆژی ١١ی خەرمانان دەر کرا و ڕۆژی ١٢ی خەرمانان پێیان ڕاگەیەندرا.

ئەم چوار هاووڵاتییە، سەرەتاکانی بانەمەڕی ١٣٩٩، بە دەسپێکی شەپۆلی دەسبەسەکرانی هاووڵاتییان لە بانە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و هێزە ئەمنییەتییەکان ئەم چوار کەسەیان بە "هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، تۆمەتبار کردبوو.

ئەم چوار هاووڵاتییە پاش دەسبەسەرکران بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە سنە ڕاگوێزران و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە کران.

ئەم چوار هاووڵاتییە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتنگەدا لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە کەوتوونەتە ژێر گوشار و ئەشکەنجە دراون.