پووریا جەواهری لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان، سەرەڕای بێتاوان ناساندن لە تۆمەتی "موحاربە"، لەگەڵ دۆسییەی "کوشتنی بەئەنقەست" بەرەوڕوو بووەتەوە

20:45 - 28 رەشەمه 2723

پووریا جەواهری لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە لقی یەکی داداگای ئینقلابی سنە لە تۆمەتی "موحاربە، چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام و ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی نیزام" بێتاوان ناسێندرا بەڵام ئێستاش لەگەڵ تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەستی یەکێک لە پێرسۆنێلی سپای پاسداران" بەرەوڕوویە.

مستەفا ئەحمەدیان، پارێزەری پووریا جەواهری لەمبارەوە ڕایگەیاند: "حوکمی دۆسییەکەی پووریا لە دەسبەسەرکراوانی ڕەوتی ناڕەزایەتییکانی شاری کامێران لە دادگای ئینقلابدا دەر کراوە. بەپێی سزای دەرکراو لە لقی یەکی داگای ئینقلابی سنە، بەختەوەرانە بریگرتەکەم لە هەموو تۆمەتەکانی موحاربە، چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام و ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی ڕێژیم بێتاوان ناسێندرا و بێتاوانییەکەی ڕوون کرایەوە."

ناوبراو ڕایگەیاند: "دوابەدوای بەڕێوەچوونی دوو کۆبوونەوە بە بەدەستهێنانی ئاخرین سەرەداوەکان و ئاکامی لێکۆڵینەوەکان و وەرگرتنی بەرگرییەکان پاش وەرگرتنی ئاخرین بەرگری، سزای بێتاوانبوونی ناوبراو لەلایەن ئەو لقەوە دەر کرا و بڕیاری دەسبەسەرکرانی ناوبراو لەم دۆسییەدا بۆ کەفالەتی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی گۆڕدراوە و لە ڕاستیدا لەم دۆسییەیەدا ئازادە، بەڵام بریگرتەکەم دۆسییەیەکی دیکە لە لقی یەکی دادگای کەیفەری یەکی پارێزگای سنەی بۆ بابەتی کوشتنی بەئەنقەستی یەکێک لە پێرسۆنێلی سپای پاسداران و لێدانی بەئەنقەستی گرووپێک لە هێزەکان لە دوای تەقەکردنیانی هەیە و لەم دۆسییەدا بریگرتەکەم بە بڕیاری دادسەرا لە بەندیخانەی گشتیی بەندیخانەی سنەیە کە بەرانبەر بەم سزایە ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و هیوادارە دۆسییەکە لە ڕۆژەکان یان حەفتەکانی داهاتوودا بە سەرنجدان بە حوکمی بێتاوانیی دەرکراو لە دادگای ئینقلاب ئاکامەکەی باش بێت و بێتاوانیی بریگرتەکەمی بەدواوە بێت تاکوو بریگرتەکەم لە بەندیخانە ئازاد بکرێ و هەرچی زووتر بگەڕێتەوە باوەشی بنەماڵەکەی."

مستەفا ئەحمەدییان، لە پێوەندی لەگەڵ بێبەریبوونی پووریا جەواهری لە قۆناغەکانی سەرەتایی لە پارێزەر ڕایگەیاندووە: "ئاماژەکردن بە خاڵێکی گرینگ پێویستە و ئەوەش نەبوونی ئیمکانی دەسپێڕانەگەیشتنی تۆمەتبار بە پارێزەر لە قۆناغەکانی سەرەتای لێکۆڵینەوەکانە کە کیشە دروست دەکات و لە نەبوونی پارێزەردا، جاری وایە دۆسییەکە ئەبێتە کێشەیەکی گەورە بۆ دەزگای دادوەری و تۆمەتبارەکەش. لە دۆسییەی پووریادا لە سەرەتاوە لە ڕێنوێنی، ڕاوێژکاری و بەرگریی پارێزەری سەربەخۆ و جێگای متمانە بێبەری بووە و بە چەشنێک کە لەگەڵ سەیروسەمەرەترین دانپێدانان دژی خۆی لەلایەن لێپرس یان لە کۆبوونەوەی دروستکردنەوەی دیمەنەکەدا، بە بوونی سکاڵاکەران، دادوەرەکان، کارناسانی چەکوچۆڵ و مەئموورەکان بەڵام بە بێ بوونی پارێزەر بەرەوڕوو بووەتەوە! چاوەدێریی پارێزەر بەسەر مێکانیزم و قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە و ئیمکانی ئاگادارکردنەوە بۆ لێپرس بە تۆمارکردن لە دۆسییەکە ڕێبازی دادپەروەرانە هەموار دەکات و جێگای سەرسووڕمان و داخە کە لە نیزامی دادوەریی ئێمەدا هێشتا تۆمەتبار لە هەبوونی پارێزەری سەربەخۆ و پرەنسیپی هەڵبژاردنی ئازادانەی پاریزەر لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا بێبەرییە، لەم دۆخەدا چاوەڕوانیی پێڕاگەیشتن و لێکۆڵینەوەی دادپەروەرانە سەختە و ناکرێ پشت بە ڕاپۆرتی مەئموورەکان ببەستڕی، چ بگا بەوەی کە بەپێی ماددەی ٣٦ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری پێویستە ئەسڵ و فەرز لەسەر ئەساسی بێکەڵکبوونی ئەم ڕاپۆرتانە دابنرێ و لە ڕواڵەتدا ڕاپۆرتی لەم چەشنە، ناحەقی بەرانبەر بە تۆمەتبارە. بەو هیوایە کە ماددەی ٤٨ لە یاسا کەیفەرییەکان بسڕدرێتەوە."

خەرمانانی ئەمساڵ، پووریا جەواهری لە زیندانی کامێرانەوە بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا و گەلاوێژی ئەمساڵ، مستەفا ئەحمەدیان، پارێزەری پووریا جەواهری باسی لەوە کرد کە دۆسییەی بریگرتەکەی، بە تۆمەتەکانی "موحاربە لە ڕێگەی کوشتنی بەئەنقەستی پێرسۆنێکی نیزامی، ئەندامەتی لە گرووپە دژبەرەکانی نیزام، چالاکیی تەبلیغی دژی نیزام و لێدانی بەئەنقەستی چەند هیزی نیزامی"، ڕادەستی لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە کراوە.

پووریا جەواهری، ڕۆژی ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ پاش بانهگێشتکران بۆ ئیتلاعاتی سپای کامێران دەسبەسەر کرابوو و کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠١ و پاش دوو مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپادا، بۆ زیندانی کامێران ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١، پووریا جەواهری لەژێر چاوەدێریی چڕی ئەمنییەتییدا و بە دەست و پێی بەستراو بۆ شەقامی ١٢ میتریی کامێران ڕاگوێزراوە و لە لێپرسینەوەدا هەڕەشەی بەشداریکردن لە سێناریۆی "بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان و تەقەکردن لە هێزە سەرکوتکەرەکان"یان لێ کردووە.

بەفرانباری ١٤٠١، بەرپرسی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای سنە سەبارەت بەم دۆسییەیە بە هەواڵدەریی "تەسنیم"ی ڕاگەیاندبوو: حوکمی دەسبەسەرکران بە تۆمەتی موحاربە بۆ "پووریا جەواهێری" دەر چووە و لە لقی یەکی لێپرسینەوەی دادسەرای کامێران دۆسییەی بۆ کراوەتەوە و ناوبراو لە لقی لێپرسینەوەدا دانی بە تەقەکردن لە هێزە سەرکوتکەرەکان داناوە و وتوویەتی کە چەکەکەی لە کەسێکی دیکە وەرگرتووە کە ئەو کەسەش دەسبەسەر کراوە.

پووریا جەواهری کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەزی ١٤٠١ لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی باسی لە ڕاگیرانی خۆی لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتیی شاری سنە کردبوو و لە کاتێکدا کە ویستبووی سەبارەت بە ئەشکەنجەکران و شکانی قەفەسەی سینگی لە کاتی لێپرسینەوەدا زانیارییان پێ بدا، لێپرسەکان پێوەندییەکەیان لێ پچڕاندووە.