سەلاح عوسمانی ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا

22:50 - 16 رێبەندان 2723

ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەلاح عوسمانی" خەڵکی گوندی "خراپە" و دانیشتووی شاری پیرانشار، پاش تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی بەفرانبار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کرد.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەم هاووڵاتییە، دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتووە.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سەلاح عوسمانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ساڵی ١٤٠٠، ئەم هاووڵاتییە لە دادگای ئینقلانی پیرانشاردا، لە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بێتاوان ناسرا.

ڕۆژی دووشەممە ١ی خەرمانان، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی دادگاییەکەی لە زیندانی نەغەدە، ئازاد کرابوو.

سەلاح عوسمانی، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی گەلاوێژ، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی گەلاوێژ، لە یەکێک لە گرتنگەی ئەمنییەتییەکانی نەغەدە، بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.