چوار مامۆستای ئایینی کورد، بە ١١ ساڵ زیندان مەحکووم کران

02:40 - 24 سەرماوەز 2723

مامۆستا یوونس نەوخا، مامۆستا شەریف مەحموودپوور، مامۆستا سەید سلێمان ئەحمەدی و مامۆستا جەماڵەدین واژی، خەڵکی پیرانشار، لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ورمێوە، سەرجەم بە ١١ ساڵ زیندان مەحکووم کران.

دادگای تایبەتی ڕۆحانییەت ئەم چوار مامۆستا ئایینییەی بە "هەوڵدان دژی ئەمنییەتیی نەتەوەیی، تێکدانی بێروڕای گشتی، واژۆی بەیانییەی مامۆستایان کوردستان بە مەبەستی پاڵپشتی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان"، تۆمەتبار کردووە و بەپێی حوکمی دەرکراو، مامۆستا یوونس نەوخا، لە مامۆستایانی قوتابخانەی زانستی ئایینیی سەلاحەدینی ئەیووبیی پیرانشار بە سێ ساڵ زیندان، مامۆستا سەید سلێمان ئەحمەدی لە مامۆستایانی قوتابخانەی زانستی ئایینیی سەلاحەدینی ئەیووبیی پیرانشار بە چوار ساڵ زیندان، مامۆستا شەریف مەحموودپوور، پێشنوێژی مزگەوتی ڕەسولەڵڵای پەسوێی پیرانشار بە دوو ساڵ زیندان و مامۆستا سەید جەماڵەدین واژی پێشنوێژی پەسوێی پیرانشار بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کران.

ئەم چوار مامۆستا ئایینییە ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی سەرماوەز، بانگهێشتی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ورمێ کراوە و حوکمی دەرکراو بەفەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١، مامۆستا یوونس نەوخا لە جاددەی پەسوێ - پیرانشار، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەروها ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی بەفرانباری ١٤٠١، ئەو مامۆستا کوردە، لەلایەن لقی ٦ی دادگای تایبەت بە ڕۆحانییەتی تەورێز بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی ئەسغەر هوشیار" بە زیندان و لێوەرگرتنەوەی جلوبەرگی مامۆستایەتی مەحکووم کرا.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١، مامۆستا شەریف مەحموودپوور و مامۆستا سەید سلێمان ئەحمەدی، هەرکام بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی لە زیندانی ورمێ، ئازاد کران.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١، مامۆستا شەریف مەحموودپوور پاش خوێندنەوەی بەیاننامەی مامۆستایانی ئایینیی شاری پیرانشار و دەورووبەری لەمەڕ لەسێدارەدانەکانی ئەم دواییانە، دەسبەسەرکرانە خۆسەرانەکان، ئەشکەنجەی زیندانییان و سەپاندنی سزای کەیفەری بۆ ئەوان، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و لەلایەن ئەو هێزانەوە بێڕێزیان، پێ کرابوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١، مامۆستا سەید سلێمان ئەحمەدی لە جاددەی پەسوێ - پیرانشار، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

شەوی دووشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١، مەلا سەید جەماڵەدین واژی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.