شنۆ؛ چوار هاووڵاتیی کورد بە شەش ساڵ و شەش مانگ زیندان مەحکووم کران
چوار هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سلێمان شاروێرانی"، "ئارام شەعبان"، "عەبدولکەریم کاکول" و "فخرەدین پوودات"، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مێهدی ڕەزایی" بە شەش ساڵ و شەش مانگ زیندان مەحکووم کران.
دادگا، ئەم چوار هاووڵاتییەی بە "ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە و بەپێی حوکمی دەرکراو، سلێمان شاروێرانی بە یەک ساڵ زیندان، ئارام شەعبان بە سێ ساڵ و سێ مانگ زیندان، عەبدولکەریم کاکول بە یەک ساڵ زیندان و فەخرەدین پوودات بە یەک ساڵ و سێ مانگ زیندان مەحکووم کراون.
حوکمە دەرکراوەکان دژی ئەم چوار هاووڵاتییە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پێیان ڕاگەیەندراون.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٢، سلێمان شاروێرانی، کوڕی ئەحمەد، خەڵکی "سەیداوێ"ی شنۆ، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی بە دانانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
ئارام شەعبان، سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٢، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر و ڕۆژی یەکشەممە، ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی لە زیندانی شنۆ ئازاد کرابوو.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٢، عەبدولکەریم کاکول، خەڵکی گوندی "حەسەن نووران"ی شنۆ، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی بە دانانانی بارمتە لە زیندانی شنۆ ئازاد کرابوو.
سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٢، فەخرەدین پوودات، خەڵکی گوندی بێتریان"ی شنۆ، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی بە دانانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ئارام شەعبان، سلێمان شاروێرانی، فەخرەدین پوودات و عەبدولکەریم کاکول