مەریوان؛ عادڵ پیرووزی پاش بانگهێشتکران بۆ ئیتلاعات دەسبەسەر کرا

01:15 - 30 خەزەڵوەر 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، عادڵ پیرووزی، زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی گوندی "سەردۆش"ی مەریوان، پاش بانگهێشتکران بۆ ئیتلاعاتی ئەم شارە دەسبەسەر کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە ڕێگەی پێوەندییەکی تلفۆنییەوە بانگهێشتی ئیتلاعاتی مەریوان کراوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری بانگهێشتکران و دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٩، ئەم زیندانییە سیاسییەی پێشوو هاوکات لەگەڵ تەشەنەسەندنی کۆرۆنا، لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا.

عادڵ پیرووزی، خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٧، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، دەسبەسەر و پاش دوو مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا.

ئەم لاوە کوردە هەر بەم تۆمەتە لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا و زستانی ساڵی ١٣٩٨یش بە مەبەستی جێبەجێکرانی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا.