بۆکان؛ دەسبەسەرکرانی ئەسرین محەممەدی و برینداربوونی "دایە مینا"، خوشک و دایکی شەهریار محەممەدی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ناوبراودا

15:56 - 25 خەزەڵوەر 2723

لە بەرەبەری قەتڵی حکوومەتیی شەهریار محەممەدی لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، خوشکی ناوبراو بە ناوی ئەسرین محەممەدی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. دایە مینا، دایکی ئەسرین، لە کاتی دەسبەسەرکرانی کچەکەیدا بریندار بووە و بە وتەی میلاد محەممەدی، برای ئەسرین، لە شیشەی دووکانەوکەوە فڕی دراوە.

میلاد محەممەدی، برای شەهریار محەممەدی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەسبەسەرکرانی خوشکەکەی و برینداربوونی دایکی لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسیبووی: پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٤ی خەزەڵوەر، خوشکم ئەسرین لەلایەن ١٠ کەس لە هێزە لیباس شەخسییەکانەوە کە دەموچاویان داپۆشراو بووە لە دووکانێکی تایبەت بە چاپی بەنێردا کە هی کەسێک بە ناوی "ئارام"ـە، دەسبەسەر کراوە و دایکیشیان "دایە مینا"، لەلایەن ئەم هێزانەوە بریندار بووە.

ناوبراو دەڵێ؛ خوشکی کۆمەڵێک دەرمانی هەیە کە دەبێ بیانخوات و لەکاتێکدا دەسبەسەر کراوە کە زۆر نەخۆشە.

میلاد سەبارەت بە وردەکارییەکانی دەسبەسەرکرانی خوشکی و برینداربوونی دایکی نووسیوتی: ئەمڕۆ ٢٤ی خەزەڵوەر، پاش چەند مانگ، خوشکم ئەسرین محەممەدی گەڕابووەیە بۆ بۆکان و دەیەویست لەگەڵ دایکم، ڕێوڕەسمێکی بچووک بۆ ساڵوەگەڕی گیانلەدەستدانی براکەم بەڕێوە ببات. بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ڕێوڕەسمە، چەند ڕۆژێک بوو کە سەردانی کەسێک بە ناوی "ئارام"ی کردبوو کە دووکانەکەی لە سەرووتری چوارڕێیانی ئیمام جومعەی بۆکان هەڵکەوتووە. "ئارام" چەند ڕۆژێک بوو کە هەوڵی دابوو بە هەر بیانوویەک بووە خوشکم بباتە نێو دووکانەکەوە، ئەمڕۆش چەند جار خوشکمی بردبووە دووکانەکەی خۆیەوە تا ئەو کاتەی کە دووکانەکانی دیکە داخرابوون. ئارام هەموو ئەم کاتە، چاوی بە دەرەوە بووە و خەیانەتی بە کچێک کردووە کە نەخۆشە و دۆخی باش نییە. ئەسرین لە دوای شەهیدبوونی شەهریار گیانی کەوتە مەترسییەوە و تا لێواری مەرگ چوو، هەر بۆیە ئێستا دەرمان بەکار دێنێ. ئارام لە دووکانەکە دەچێتە دەرەوە و پاش گەڕانەوەیەکی خێرا، دوو ژنی نیزامی و ٥ کەسی لیباس شەخسی و ١٠ کەس لە هێزەکانی یگانی تایبەت بە جلی ڕەشيوە کە دەموچاویان داپۆشراو بووە، خوشکم دەسبەسەر دەکەن و دایکم بریندار دەکەن و لە شیشەی دووکانەکەوە فڕیی دەدەنە دەرەوە.

میلاد لە کۆتاییدا نووسیویەتی: بە فیشەک منیان بریندار کرد و ئاوارە بووم، براکەیان کوشتم، دایکیان بریندار کردووم و ئێستا بە بێبەزەییانە خوشکەکەیان بردووم.

میلاد محەممەدی، دوو ڤیدیۆی لە دەنگی دایکی لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا بڵاو کردووەتەوە کە "باس لە خیانەت بە کچەکەی لەلایەن کەسی خۆفرۆشەوە" و دەسبەسەرکرانی دەکات.

شەهریار محەممەدی، ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بۆکاندا، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت بریندار کرا و پاش ڕاگواستنی بۆ نەخۆشخانە بە هۆی قووڵیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.