کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری بانە کوژرا
18:35 - 24 خەزەڵوەر 2723
شەوی سێشەممە،٢٣ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێک بە ناوی "یادگار ڕەحیمی"، کوڕی سەعید، خەڵکی بانە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری ئەم شارە کوژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە بێ بەڵگەی یاسایی لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە.
تەرمی ئەم کۆڵبەرە تاکوو ئێستا، ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، چوار کۆڵبەر بە ناوەکانی ئاروین محەممەدی، تەمەن ١٤ ساڵ و خەڵکی سنە، ئیمان (پاشناو ناڕوون)، تەمەن ١٧ ساڵ، حەسەن (پاشناو ناڕوون)، تەمەن ٢٠ ساڵ، شاهۆ (پاشناو ناڕوون)، تەمەن ٢١ ساڵ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندار کران.