نەرگس محەممەدی، چالاکی مافی مرۆڤی دەسبەسەرکراو لە ئێران، بووە براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلی ٢٠٢٣

11:48 - 15 رەزبەر 2723

ڕۆژی هەینی، ١٤ی ڕەزبەر، کۆمیتەی نۆبێلی نۆروێژ، خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلی ٢٠٢٣ی پێشکەشی نەرگس محەممەدی، چالاکی مافی مرۆڤی زیندانی لە ئێراندا کرد.

کۆمیتەی نۆبێلی نۆروێژ لە ڕاگەیەندراوەکەی خۆیدا ڕایگەیاندووە: "ئەم خەڵاتە بە هۆی خەباتی نەرگس محەممەدی لە بەرانبەر ستەمێک کە بەرانبەر بە ژنان لە ئێراندا دەکرێ و خەبات بۆ گەشەی مافی مرۆڤ و ئازادی بۆ هەمووان، بە ناوبراو دەبەخشرێت."

کۆمیتەی نۆبێلی نۆروێژ بە ئاماژە بە قەتڵی حکووومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی و ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی، ڕایگەیاندووە: "کۆمیتەی نۆبێلی نۆروێژ بە پیشکەشکردنی خەڵاتی نۆبێل بە نەرگس محەممەدی دەیەوێ ڕێز لە خەباتی بوێرانەی ناوبراو بۆ مافی مرۆڤ، ئازادی و دێموکراسی لە ئێراندا بگرێ. خەڵاتی ئاشتیی ئەمساڵ هەروەها ڕێز لە سەدان هەزار کەسێک دەگرێت کە لە ساڵی ڕابردوودا دژی سیاسەتی هەڵاواردن و ستەمی ڕێژیمی تێئۆکراتیکی دژەژن ناڕەزایەتییان دەربرێ."

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، وێڕای پیرۆزبایی لە نەرگس محەممەدی، خوازیاری ئازادیی ناوبراو و هەموو زیندانییانی سیاسی لە ئێرانە کە بە هۆی خەباتی ئازادیخوازانە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرن. لەلایەکی دیکەوە ئەم خەڵاتە، ڕێزگرتنە لە هەموو ئەو خەباتکارانەی کە بۆ ئازادی، دادپەروەری، دێموکراسی، مافی مرۆڤ و مافی ژنان، خەبات دەکەن. هەروەها کە لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمیتەی نۆبێلدا هاتووە، ئەم خەڵاتە لە ڕاستای ڕێزگرتن لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و ڕێزگرتن لە ناڕازییان، گیانلەدەستداوان، برینداران و دەسبەسەرکراوانی ئەم بزووتنەوەیەدایە کە دوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی دەستی پێ کرد و هەروا درێژەی هەیە.