بێرلین؛ بەشداریی نوێنەری کوردپا لە دوو ڕێوڕەسم و پانێلی تایبەت بە ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی

17:51 - 29 خەرمانان 2723

نوێنەرانی کوردپا، لە ڕاستای گەیاندنی دەنگی خەڵکی کوردستان و خستنەرووی پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ بە گوێی ناوەندە مافی مرۆییەکان و سیاسەتمەدارانی بیانی، لە دوای ژنێڤ، ئەمجارە لە ئاڵماندا بە بەشداری لە ڕێوڕەسم و پانێلی تایبەت بە ساڵوەگەڕی قەتڵی حکووومتیی ژینا_مەهسا ئەمینیدا، قسەیان کرد.

ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٢، لە ڕێوڕەسمێکدا لەژێر ناوی "بە یادی ژینا"، لە بێرلینی پێتەختی ئاڵمان، کەیوان سەمەدی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بە نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا لە بەردەم پارلەمانی ئاڵمان سەبارەت بە لاوازیی چەند قات و سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە کوردستان و سەرکوتی توندی خەڵک لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا قسەی کرد.

نوێنەری کوردپا لە ئاڵمان، وێڕای ئاماژە بە سەرکوت و کوشتنی خەڵک لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەدا، داوای لە سیاسەتمەدارانی ئاڵمانی کرد کە دەنگی کوردستان بن، چونکە کۆماری ئیسلامی لە بێدەنگیی ڕاگەیاندنەکاندا، زیاتر خەڵکی کوردستان سەرکوت دەکات.

لە پانێلێکی دیکەدا لەژێر ناوی "میراتی ژینا، ڕیز گرتن لە جیاوازییەکان و یەکگرتوویی ڕەمزی سەرکەوتن (پلورالیسم بۆ ئێران)" کە لەلایەن کۆمەڵەی ئێرانییانی ئاڵمان و ڕێکخراوی لاوانی "ئایندە"، بەڕێوە چووبوو، کەیوان سەمەدی وەکوو نوێنەری کوردپا و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەشداریی کرد و سەبارەت بە سڕینەوەی کۆماری ئیسلامی لە مێشکمان وەکوو حکوومەتێکی پیشێلکاری مافی مرۆڤ و هەروەها سەرکوتی کەمینەکان و مافەکانیان قسەی کرد.

ناوبراو لەم پانێلەدا، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر بتوانین کۆماری ئیسلامی لە مێشکماندا بسڕینەوە، ئیتر بیرکردنەوەیەکی وەکوو دژایەتی لەگرڵ ئەوی تر و دژایەتی لەگەڵ هاوڕەگەزخوازی نامێنێ و چاوەکانمان کراوەتر دەبێ تاکوو بتوانین ئازارەکانی یەکتر ببینین.

ناوبراو لە کۆتاییدا بە ئاماژە بە دوو ناوی ژینا و مەهسا ڕایگەیاند کە پێشێلکردنی مافی سەرەتایی مرۆڤ سەبارەت بە کەمینە ژێر ستەمەکان دەتوانین لەم دوو ناوەدا ببینین، مەهسا ناوێکە کە بە زۆر لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دیاری کراوە و ژینا ناوێکە کە بنەماڵەکەی لێیان ناوە و دەوروبەر و کۆمەڵگەی کوردستانیش بەو ناوە دەیناسن و دەبێ ستەمەکانی حکوومەت بە فەرمی بناسرێن و لە ڕاستای سڕینەوەیاندا هەوڵ بدەین.

هەروەها ڕۆژی ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٢، دوکتور کۆچەر وەلەدبەیگی، نوێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا لە کۆنفرانسی پرسی ژنان لە ژنێڤ، نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی لە دۆخی ژنان، گرووپە ئێتنیکی و مەزهەبییەکانی ئێران لە ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان بەتایبەت لە کوردستان و بەلووچستان کرد.

کۆچەر وەلەدبەیگی، نوێنەری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لەم کۆنفرانسەدا سەبارەت بە دۆخی ژنان لە کوردستان، سەرکوتی ناڕازییان لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی و پشتیوانیی نێودەوڵەتی لەم بزووتنەوەیە قسەی کرد.

کۆنفرانسی پرسی ژنان، دۆخی گرووپە ئێتنیکی و مەزهەبییەکان لە ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان بەتایبەت لە کوردستان و بەلووچستان، لە ژنێڤ، نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەسپێشخەریی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان_ژنێڤ بەڕێوە چوو.